Azat Muhammet
13 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2016
دهۆک - AA
نوێنەرى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا، شێخ مزاحم ئەحمەد حویت: "رۆڵى سەربازى و مرۆیی تورکیا گرنگە بۆ قۆناغى ئێستاى مووسڵ. ئایندەى شارەکە بە دەست هێزەکانى حەشدى شەعبى نادیارە کە زۆرترین پێشێلکارییان بەرامبەر بە مافەکانى مرۆڤ و دانیشتوانى مووسڵ کردووە لە ماوەى بەڕێوەچوونى ئۆپەراسیۆن کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارەکە".
نوێنەرى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا، شێخ مزاحم ئەحمەد حویت لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى لە گرنگى رۆڵى تورکیا کرد و بە پێویستى زانى تورکیا تەداخولێکى گەورەى سەربازى بکات هەم لە رووى سەربازى و هەمیش لە رووى مرۆییەوە و گوتی: "گرنگى بەشداربوونى تورکیا لەم قۆناغەدا لەوەدایە بەڵکو کۆتایی بەو هەموو پێشێلکارییانە بهێنێت کە لەلایەن حەشدى شەعبیەوە بەرامبەر دانیشتووانى مووسڵ دەکرێت، ئەمن و ئاسایشێک بۆ بەڕێوەچوونى ئۆپەراسیۆنى مووسڵ بگەڕێتەوە، چونکە پێشێلکارییەکانى حەشدى شەعبى گەیشتووەتە رادەیەکى مەترسیدار و ئەگەرى کارەساتێکى مرۆیی گەورەیش هەیە لەسەر دانیشتووانى شارەکە".
شێخ مزاحم ئەحمەد حویت باسی لە پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی کرد و گوتى: "حەشدى شەعبى لەسەرەتاى بەشداریکردنى لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ تاڕادەیەک دانى بەخۆدا گرت و هیچ کردە و هەڵسوکەوتێکى چەوتى بەرامبەر بە دانیشتووانى مووسڵ نەکرد، بەڵام لە ئێستادا کە گەیشتووەتە قۆناغێکى مەترسیدار و بەر لە چەند رۆژێک بە چەقۆ پەلامارى چوار لە دانیشتووانى مووسڵ-یاندا کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانى نزیک هەولێر چارەسەری وەردەگرن. لە ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان و بەدواداچوونەکانمان دەیان نموونەى پێشێلکارى مافى مرۆڤ و دەستدرێژى و نەپاراستنى گیانى هاووڵاتییان لەلایەن هێزەکانى حەشدى شەعبیمان دەستکەوتووە کە لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ بەرامبەر هاووڵاتییان کردوویانە".
ناوبراو گوتشى: "حکوومەتى ناوەندى، حکوومەتى هەرێمى کوردستان و هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژبە داعشمان لە پێشێلکارییەکانى حەشدى شەعبى ئاگادار کردووەتەوە کە ئەمە هەڕەشەیەکى گەورەیە لەسەر ئایندەى مووسڵ. ئاگرى ئەو ململانێیەى حەشدى شەعبى لە دژى هاووڵاتییانى شارى مووسڵ پەرەبسەنێت، کۆنتڕۆڵکردنەوەى لە دەست دەردەچێت و دووچارى کێشەى تاییفى دەبینەوە و بابەتى تۆڵەسەندەوە دێتە ئاراوە".
سەبارەت بە دۆخى ئاوارەبووانى مووسڵ، نوێنەرى هۆزە عەرەکانى پارێزگاى نەینەوا گوتی: "ژیانى ئاوارەکانى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ لە هەرێمى کوردستان بەگشتى جێگیر و ئارامە لە رێگەى دەزگاى خێرخوازى بارزانی و چەند رێکخراوێکى نێودەوڵەتییەوە بەردەوام کۆمەک و هاوکارییان پێشکەش دەکرێت، بەڵام هیچ کۆمەک و هاوکارییەکى گەورە و بەرچاومان نەبینوە لە حکوومەتى ناوەندى بۆ ئاوارەکانى ئۆپەراسیۆنى مووسڵ، لەبەر سەرما و سۆڵەى زستان ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئاوارەکان پێویستییان بە هاوکارى مرۆیی هەیە".
شێخ مزاحم ئەحمەد حویت داواى لە تورکیا و هەموو وڵاتان کرد کە کۆمەک و هاوکارى مرۆیی بگەیەننە ئاوارەکانى مووسڵ و گوتی: "ژمارەیەکى یەکجار زۆر ئاوارەى مووسڵ و دەورووبەرى روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە زۆربەشیان لە پارێزگاى دهۆک و پارێزگاى هەولێر جێگیر بوون، ئەم پارێزگایانەی هەرێم لە تورکیا زۆر نزیکە بۆیە ئێمە داوا دەکەین تورکیا رۆڵى خۆى بگێڕێت لە گەیاندنى هاوکارى مرۆیی بۆ ئەو ئاوارانەى کە بە هۆى ئاگرى شەڕى دژبە داعش ماڵ و حاڵى خۆیان جێهێشتووە".
ئەو نوێنەرەى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا نیگەرانى خۆى دەربڕى لە بوونى پەکەکە لە شنگال و گوتى: "ئێمە وەک هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا نیگەرانین لە چەکدارانى پەکەکە لە شنگال و تەواوى سنوورەکە و داواکارین شنگال و ناوچەکە چۆڵ بکەن، چونکە بەهیچ شێوەیەک ئەو مافەیان نییە خۆیان بە خاوەنى شنگال بزانن. شنگال نە شارۆچکەى پەکەکەیە و نە شارۆچکەى حەشدى شەعبییە. بەڵکو ئەم شارۆچکەیە خاکى ئاشتى و پێکەوە ژیانە و رێگە نادەین پەکەکە و حەشدى شەعبى دەست بخەنە ناو دەستى یەکتر بۆ نانەوەى ئاژاوە و شەڕ فرۆشتن بە هێزە دەستوورییەکانی ناوچەکە".
گوتیشى: "هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا پاڵپشتى کوردى ئێزدى دەکەن بۆ ئەوەى شنگال ببێتە پارێزگایەک لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان. کوردى ئێزدى شایەنى ئەوەن داواکانیان بە هەند وەربگیرێت، چونکە ئەو کارەساتەى لەلایەن تیرۆریستانى داعش بەسەر کوردى ئێزدى هات لە شنگال برینێکى قووڵە بۆیان، دەبێت بۆ ساڕێژکردنى ئەو برینەى کوردى ئێزدى هەموو داواکانیان بەجێبگەیەنین".