Heman Hussein Yaseen
21 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ماتیو تولەر کرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا کە کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆب واڵەر ئامادەی بوو، دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێکراوە و جەختکراوەتەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ھاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی ھێزی پێشمەرگە لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
راشیگەیاندووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کراوە دەربارەی ھەلومەرجەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و پێویستی زەمینەخۆشکردن لەبەردەم ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە ماف و خواستی سەرجەم پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بکات.