Heman Hussein Yaseen
27 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2021
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵ، عوسمان غانمی کرد.
بەپێی ھەواڵێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی ھەماھەنگیی ئەمنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرا، بەتایبەتی کە لەسەر پرسی ھێرشە مووشەکیيەکەی سەر ھەولێر، لە ئەنجامی ھەماھەنگیی باشی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵی، ئەنجامی باش بەدەستھاتوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە، لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشا و ھێرە چەکدارە نایاساییەکان لە دەڤەرەکە کرا.
ئاماژە بەوەش کراوە کە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ، وێڕای سوپاسکردنی وەزیری ناوخۆی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ھەوڵەکانی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، ئاماژەی بە بەردەوامیی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و دەستدرێژیکردنە سەر ھاووڵاتییانی کورد و داگیرکردنی زەویوزارەکانیان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کرد و رایگەیاند کە ئەم جۆرە دۆخە نائاسایی و نادەستوورییە، لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق نییە و پێویستە رێگری لێ بکرێت.
لە بەشێکی ھەواڵەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە دانوستانەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تایبەت بە بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، تەوەری دیکەی گفتوگۆکان بوو.