Ömer Tuğrul Çam
10 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2022
بڕۆكسل – AA
سكرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ رایگه‌یاند كه نامه‌ی بۆ رووسیا ناردووه و پێشنیازی كردووه به‌رده‌وامی بدرێت به دیالۆگی ئەنجوومەنی ناتۆ و رووسیا.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی سكرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ و سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسۆن له باره‌گای ناتۆ له بڕۆكسل كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا.
یانس ستۆڵتێنبێرگ رایگه‌یاند كه ناتۆ له نزیكه‌وه چاودێریی كۆكردنه‌وه‌ی زیاتر له ١٠٠ هه‌زار سه‌ربازی رووسی و ره‌وانه‌كردنی چه‌كی قورس بۆ سنووری ئۆکراینا ده‌كات و گوتی: "ئه‌و كاره هاوكات ههڕهسهن بۆسه‌ر ئاسایشی ئه‌ورووپاش. رووسیا هێزه‌كانی زیاد ده‌كات و ماوه‌ی هۆشداریدانیش له ئه‌گه‌ری هێرش كه‌م ده‌بێته‌وه. ناتۆ هه‌ڕه‌شه نییه بۆسه‌ر رووسیا و ده‌كرێت ناكۆكییه‌كان به رێگاچاره‌ی سیاسیی چاره‌سه‌ر بكرێن".
سكرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژه‌ی به‌وه دا كه به‌رده‌وامن له هه‌وڵه‌كانیان بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و گوتی: "به‌یانیی ئه‌مڕۆ، نامهیەکم ئاراستەی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ كرد. له نامه‌كه‌دا جه‌ختم له‌سه‌ر بانگهێشتكردنی رووسیا كردووه‌ته‌وه بۆ به‌رده‌وامیدان به دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی ناتۆ و رووسیا به‌ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی دیپلۆماسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. ئاماده‌ین گوێ له نیگه‌رانییه ئه‌منییه‌كانی رووسیا بگرین، هاوكات رێگاكانی پاراستنی بنه‌ما بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئاسایشی ئه‌ورووپاش تاوتوێ بكه‌ین".
ناوبراو به جه‌ختكردنه‌وه له‌وه‌ی كه زیادبوونی هه‌ڵسوكه‌وته هێرشكارییهكانی رووسیا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ناتۆ بوونی خۆی له ناوچه‌كه‌دا زیاد بكات، نه‌ك كه‌م بكاته‌وه، گوتی: "رووسیا دوو بژارده‌ی له‌به‌رده‌مدایه. یان رێگای دیپلۆماسی ده‌گرێته به‌ر. یاخود پێكدادان هه‌ڵده‌بژێرێت، باجی ئه‌وه‌ش زۆر به قورسی ده‌دات".
لەلایەن خۆیەوە سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسۆن له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری سزادانی رووسیاوه گوتی: "ئه‌گه‌ر خوێنێكی زۆر له‌سه‌ر خاكی ئۆكراینا بڕژێندرێت، ئه‌وا كاره‌ساتێكی گه‌وره روو ده‌دات".