نەجیب میقاتی دوایین پێشھاتەکانی لوبنانی لەگەڵ عەباس عراقچی تاوتوێ کرد
- وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ھەڵمەتێکی دیپلۆماسی بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە لوبنان دەست پێ دەکات، ھەروەھا داوای لە ڕیکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی کرد کە کۆبوونەوەیەک لەبارەی دۆخی لوبنانەوە، ئەنجام بدات.
Istanbul
بەیروت ــ AA
سەرۆکوەزیرانی لوبنان، نەجیب میقاتی دوایین پێشھاتەکانی لەبارەی ھێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر لوبنان و ناوچەکە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی تاوتوێ کرد.
ئاژانسی ھەواڵی فەرمی لوبنان بڵاوی کردەوە کە نەجیب میقاتی پێشوازی لە عەباس عراقچی کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ئێستای لوبنان و ناوچەکە، تاوتوێ کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە وەزیری دەرەوەی ئێران، پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ لوبنان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدڕیژییەکانی ئیسرائیل، دووپات کردووەتەوە.
بەپێی ئاژانسەکە، عەباس عراقچی لە کۆبوونەوەکەدا، ڕایگەیاندووە، ئێران ھەڵمەتێکی دیپلۆماسی بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە لوبنان دەست پێ دەکات، ھەروەھا داوای لە ڕیکخراوی ھاریکاریی ئیسلامی کرد کە کۆبوونەوەیەک لەبارەی دۆخی لوبنانەوە، ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ ھەینی وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عراقچی بەسەردانێک گەیشتە بەیروت کە ئەوەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ماوەی دوو ھەفتەیە ھێرشەکانی ئیسرائیل بە چڕی بۆ سەر لوبنان بەردەوامن.