Hemın Othman Mohammed
16 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2016
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف، ئاماژەی بەوە كرد كە بژاردەی سەربازیی قەیرانی سووریا چارەسەر ناكات و گوتی: "ئەوەی لە میونخ لەسەری رێككەوتین ئاگربەست بوو، نەك ماوەیەك بۆ رێگەدان بە دووبارە كۆبوونەوەی كارەكتەرەكانی دیاریكراوی هەرێمی".
زەریف لەگەڵ رێکخەری گشتی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا فێدێریكا مۆگرینی كۆبووەوە. پێش كۆبوونەوەكە ئەو وەزیرە ئێرانییە رایگەیاند "بژاردەی سەربازیی بۆ قەیرانی سووریا چارەسەر نییە و پێویستە هەموو لایەنەكان دان بەوە دابنێن".
زەریف، باسی لەوەش كرد كە هەندێک وڵات لە بەرامبەر ئەوەدا بەردەوام لەو باوەڕەدان كە بژاردەی سەربازیی چارەسەرە و گوتی: "بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیەندرێت، پێویستە واز لەو وەهمە بهێنن. ئەوەی لە میونخ لەسەری رێككەوتین ئاگربەست بوو، نەك ماوەیەك بۆ رێگەدان بە دووبارە كۆبوونەوەی كارەكتەرەكانی دیاریكراوی هەرێمی. ئەوەی گرنگە بڕیاردرا لەسەر رانەگرتنی جەنگ دژی رێكخراوە تیرۆریستییەكان، بەتایبەتی دژی بەرەی نوسڕە و داعش".
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لەسەر پێویستی پێكەوە كاركردن كردەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێكی گشتگیر و دەست پێكردنی قۆناغی سیاسیی و گوتی: "لەپێناو بەدەستهێنانی سەركەوتن دیپلۆماسییەتیان بەكارنەهێنا، وڵاتانی دیكەش دیپلۆماسی بەكارناهێنن بۆ ئەوەی قەڵغانی مرۆیی دژی بەرەی نوسڕە و داعش فەراهەم بێت".