Esat Fırat
06 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2021
قودس - AA
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، یائیر لاپید رایگەیاند كه دوای ئیمارات، بەحرێن، مەغریب و سوودان، وڵاتەکەی سه‌رقاڵی پرۆسەی رێککەوتنی ئاساییکردنهوەی په‌یوه‌ندییه‌كانه لەگەڵ هەندێک وڵات کە ناتوانێت ناوه‌كانیان ئاشكرا بكات.
به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، یائیر لاپید لە میانی کۆبوونەوەیدا له‌گه‌ڵ فیدراسیۆنی جوولەکانی باکووری ئەمریکا (JFNA) كه له رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه سازكرابوو، باسی له‌وه كردووه كه ئەمریکا، ئیمارات، بەحرێن و مەغریب هاوكاری ئیسرائیل دەكەن بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌دا.
یائیر لاپید ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ئه‌نجامدانی رێککەوتنی ئاساییکردنەوهی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەو وڵاتانە پرۆسەیەکی "مه‌زنه" و رایگه‌یاندووە "ئەوه پرۆسەیەکی مه‌زنه و هیوادارین ئەو بازنه‌یه لە دەرەوەی ناوچه‌كه فراوان بکەین. ئێستا لە پرۆسەی واژووكردنی رێککەوتننامەکانی ئاساییکردنەوەی پهیوهندییهكانداین لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ناتوانم ناوەکانیان ئاشکرا بکەم. وەک پێشتر ناتوانم ناو بنێم، چونکە ئه‌وه زیان بە پرۆسەکە دەگەیەنێت".
یائیر لاپید باسی له‌وه كرد له لایه‌ك كاتێک درێژه به پرۆسەی ئاساییکردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ده‌ن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بایه‌تی فەڵەستین-یش لە کارنامەیاندایه و چاویان له‌سه‌ر کەرتی غەززە لە باشوور و حزبوڵڵا له باکوورە.
لە رێوڕه‌سمێكدا كه لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ له کۆشکی سپی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌چوو، ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئیمارات و بەحرێن رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی واژوو كرد.
لە بەرامبەر ئەوەی سەرۆکی ئەوکاته‌ی ئەمریکا، دۆناڵد تره‌مپ سوودان لە لیستی "وڵاتانی پشتیوانكاری تیرۆر دەربهێنێت"، حکوومەتی خەرتوم بڕیاریدا لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.
دوا به دوای سوودان، مەغریب-یش لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا، لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتە رێکكەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.