Zeynep Hilal Karyağdı
01 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2020
کوێت - AA
بەڕێوبەری کەرتی فڕۆکەوانی کوێت، سەلمان سەباح لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە بە سێ قۆناغ گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی دەکەنەوە و قۆناغی یەکەم لەمڕۆوە دەستپێدەکات و تا شەش مانگی دیکە دەخایەنێت.
سەباح باسی لەوەش کرد کە لە گەشتەکاندا تەواوی رێنماییە تەندروستییەکان و رێوشوێنەکانی خۆپاراستن دەگیرێنەبەر و داوای لە گەشتیاران و کارمەندانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوێت کرد رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبەرچاوبگرن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی کوێت وەرگیراون لە یەکەم قۆناغدا گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ٢٠ وڵات دەستپێدەکەنەوە کە بریتین لە تورکیا، قەتەڕ، بەحرەین، عومان، ئیماڕات، لوبنان، ئەردەن، میسڕ، بۆسنا، بەڕیتانیا، سویسرا، ئەڵمانیا، سریلانکا، پاکستان، ئەسیوبیا، ئێران، نیپاڵ، ئازەربایجان، فلیپین و هیندستان.
بەگوێرەی پلانی بەرپرسانی کوێت لە قۆناغی یەکەمدا فڕۆکەخانەی کوێت بە سەدا ٣٠ تواناکانی رابردووییەوە کار دەکات و رۆژانە ئەوپەڕی ١٠٠ گەشت ئەنجام دەدات و ژمارەی گەشتیارانی ئەم گەشتانەش ١٠ هەزار تێناپەڕێنێت.
بڕیارە شەش مانگی دیکە قۆناغی دووەمی ئاسایبوونەوەی گەشتەکان دەستپێبکات و رۆژانە ٢٠٠ گەشت ئەنجامبدرێت کە ژمارەی گەشتیارەکانیان لە ٢٠ هەزار گەشتیار تێنەپەڕێت.
بەپێی پلانەکان قۆناغی سێیەم لە ئابی ٢٠٢١دا دەستپێدەکاتەوە و توانای فڕۆکەخانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی جارانی و رۆژانە ٣٠٠ گەشت ئەنجام دەدرێت کە ژمارەی گەشتیارەکانی دەگاتە ٣٠ هەزار گەشتیار.
جێی وەبیرهێنانەوەیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19) لە ١١ی ئاداردا، کوێت گەشتە ئاسمانییەکانی وەستاند و تا ئێستا بەگوێرەی راپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە گەیشتوەتە ٦٦ هەزار و ٩٥٧ کەس و ژمارەی ئەو کەسانەشی تا ئێستا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە ٤٤٧ کەس.