hemn husain, dilshad seyfedin
09 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2016
بەرێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق هاوڕێ تۆفیق: "پەرۆشی هاووڵاتیان بۆ پرۆسەكە وەك پێویست نیە و تائێستا تەنها 100 هەزار كەس لە سنوری پارێزگای سلێمانی ناوی خۆیان تۆماركردووە، ئەوەش بەهۆی كاریگەری ئەو قەیرانە داراییەیە کە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە".
لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان پرۆسەی تۆماری ئەلیكترۆنی دەنگدان ( بایۆمەتری) هەیە و چەندین بنكەی سەرەكی و گەڕۆك بۆ ئەو مەبەستە دامەزراون، بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانیش لە سلێمانی دەڵێت هاوڵاتیان بەشێوەیەكی باش بەدەم پڕۆسەكەوە نەهاتون.
بەرێوەبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی عێراق هاوڕێ تۆفیق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ماوەی شەش مانگە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان پڕۆسەی تۆماری ئەلیكترۆنی دەستپێكردووە بۆ تۆماركردنی ئەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵیەوەیە بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی، تێیدا زانیاری ورد و پەنجەمۆری ئەلیكترۆنی هەر 10 پەنجەكەی ئەو كەسانە وەردەگیرێن و تۆمار دەكرێن".
بە گوتەی بەرپرسەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پڕۆسەكە لە عێراقدا پێش یەک ساڵ و نیو دەستیپێكردووە، تا كاتی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بەردەوامی دەبێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا ماوەی شەش مانگە دەستی پێكردووە و لەناو شاری سلێمانی چەند بنكەیەكی سەرەكی و چەند بنكەیەكی گەڕۆك لەناو فەرمانگەكان دانراون و 100 كارمەند بەشێوەی گرێبەست كارەكان ئەنجام دەدەن.
هاوڕێ تۆفیق لە بارەی بەدەنگەوەهاتنی هاووڵاتیان بۆ پڕۆسەكە گوتی: "پەرۆشی هاووڵاتیان بۆ پرۆسەكە وەك پێویست نیە و تائێستا تەنها 100 هەزار كەس لە سنوری پارێزگای سلێمانی ناوی خۆیان تۆماركردووە، ئەوەش بەهۆی كاریگەری ئەو قەیرانە داراییەیە کە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بە پێچەوانەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق كە بەشێوەیەكی باش هاووڵاتیان بەدەم پڕۆسەكەوە دەچن".
ئەو داوای لە هاووڵاتیان و حزب و لایەنە سیاسییەكان كرد هانی لایەنگرانیان بدەن بۆ سەردانی بنكەكان و تۆماركردنی ناوی خۆیان لە پڕۆسەكەدا.
ئاماژەی بەوەش كرد، پرۆسەكە ئاوارەكانیش دەگرێتەوە و تائێستا حەوت هەزار ئاوارە ناوی خۆیان تۆماركردووە.
بەرپرسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە سلێمانی گوتیشی: "پڕۆسەكە هەوڵێكە بۆ پاكکردنەوەی تۆماری ناوی دەنگدەران و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، ئەوەش دوای ئەو نیگەرانی و سكاڵایانەی کە لایەنەکان بوو لەماوەی رابردوودا لەبارەی تۆماری ناوی دەنگدەران".
لە هەرێمی كوردستان دەیان بنكەی تۆماری ئەلیكترۆنی گەڕۆك لە نێو فەرمانگەكان دانراون، حكوومەت هاوڵاتییان ناچار دەكات بۆ رایی كردنی مامەڵەكانیان سەرەتا سەردانی ئەو بنكانە بكەن و ئەو مامەڵەیە تەواو بكەن.