Azat Muhammet
07 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2017
دهۆک - AA
لە پانێلەکەدا ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییانى سنوورى شارۆچکەى ئاکرێ ئامادەبوون.
ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، هۆشیار زێبارى کە هاوکات ئەندامى ئەنجوومەنى باڵاى ریفراندۆمە رایگەیاند "ئامادەکارى زۆرمان بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم کردووە، ئەو ریفراندۆمەیش وەک هەڵبژاردن زەحمەت نییە، بەڵکو لە یەک پرسیار و یەک وەڵام پێکدێت، هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بۆ خۆیان دەنگ دەدەن نەک بۆ کەس و لایەنێک".
زێبارى گوتی: "ریفراندۆم تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى هەرێمى کوردستانە بە بێ جیاوازى، مافى هەر هەموویانە بە بێ ترس و دوودڵى بەشدارى لە پڕۆسەکەدا بکەن و بڕیار لەسەر چارەنووسى خۆیان بدەن، هەرێمى کوردستان ئەو خەباتە دوور و درێژەى کردووە بۆ ئەوەى خۆى خاوەن بڕیار بێت، چارەنووسى خۆى بە دەستى خۆی دیار بکات".
- "ریفراندۆم لە پێناو دروستکردنى دەوڵەتى کوردستان ئەنجام دەدەین"
ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، هۆشیار زێبارى کە هاوکات ئەندامى ئەنجوومەنى باڵاى ریفراندۆمە جەختى لەوە کردەوە کە ئەنجامدانى ریفراندۆم لە پێناو دروستکردنى دەوڵەتى کوردستانییە و گوتیشى: "ئێمە ئەو ریفراندۆمە ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەى ببین بە خاوەن دەوڵەتێکى کوردستانى سەربەخۆ، ئینجا تاوتوێى ئەوە دەکەین کە دەوڵەتى کوردستان سیستەمى کۆمارى دەبێت یان مەلەکى دەبێت، یاخود پەرلەمانى یانیش ئەنجوومەنى دەبێت. کە ریفراندۆممان ئەنجامدا و گەلى کورد بە بەڵێ دەنگیدا کە چاوەڕوانکراوە دەنگێکى زۆر لە بەڵێ تۆمار بکرێت، ئەو کات بڕیار لەسەر ئەوە دەدەین کە سیستەمى حکومڕانى چی دەبێت".
هۆشیار زێبارى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکاتەوە لەوەى تا چەند لە کاتى ئەنجامدانى ریفراندۆم نزیک ببنەوە لێدوانە دژەکان توندتر دەبنەوە، بەڵام ئەوەى پێویستە کە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان ورەیان بەرز بێت و ورەیان بە لێدوانەکان دانەبەزێت.
ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، هۆشیار زێبارى باسى لەوەشکرد بە بێ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان هیچ کارێک لەسەر ئاستى جیهان پێشڤەچوون بەخۆیەوە نابینێت، بۆ دەبێت چاو لە دەستى خەڵک بین مافەکانمان بۆ بەدەست بهێنن؟ بەڵکو هەلێکمان بۆ هاتووەتە پێش لەوانەیە ئەو هەلە جارێکى دیکە هێندە بە ئاسانى دووبارە نەبێتەوە، هەڵبەت ئێمە وەک گەلى کورد لە مێژوودا زۆر دەرفەتمان لە دەستداوە، بەڵام نابێت ئەم دەرفەتە لە دەست بدەین".
هۆشیار زێبارى لە وەڵامى پرسیارێکى پەیامنێرى ئاژانسى ئانادۆلو لەبارەى دواخستنى وادەى ئەنجامدانى ریفراندۆم گوتى: "تا ئێستا ئەو لایەنانەى بەشدار بوون لە کۆبوونەوەکانى دیاریکردنى کاتى ئەنجامدانى ریفراندۆم، هیچ گۆڕانکارى بەسەر هەڵوێستییاندا نەهاتووە، هیچ پاشگەزبوونەوەیەک نییە لە ئەنجامدانى ریفراندۆم".
- سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا
هەر لە پانێلەکەدا گوتەبێژى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان، سەعدى پیرە گوتى: "تێبینى و هۆشدارى وڵاتانى ناوچەکە لەبارەى ئەنجامدانى ریفراندۆم بە ئاسایی دەبینین. وەک خۆى دەڵێت، ژن کە منداڵى ببێت، ئازاریشى دەبێت. پڕۆژەیەکى وەک ریفراندۆم بەو قەبارە گەورەیە بێگومان ئازار و کێشەى دەبێت، بەڵام کێشەى گەورەتر ئەوەیە لەژێر دەستى بمێنینەوە، هەڵبەت لەژێر دەستەیی زیانى زیاتریشمان پێدەگات، بۆیە دەبێت باشتر بیر بکەینەوە".
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژە بەوەشدا کە هەڵوێستى وڵاتان بەو شێوەیە نییە کە لە چەند دەزگایەکى راگەیاندن باسى لێوە دەکرێت، بەڵکو ئەمریکا و وڵاتان تێبینییان لەسەر ئەنجامدانى پڕۆسەیەکە، تێبینیش بە ماناى دژایەتیکردن نایەت.
گوتەبێژى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان گوتیشى: "لە یەک دوو رۆژەى داهاتوودا شاندێکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا دەکات، ئەمڕۆش کۆبوونەوە دەکرێت بۆ ئەوەى ئەندامانى شاندەکە دەستنیشان بکرێت، ئەو شاندەى هەرێم لەگەڵ بەغدا قسە لەسەر ئەم پڕۆسەیە دەکەن، پێموابێت قسەى نێوان هەولێر و بەغدا ئەساسییە، ئێمە و بەغدا بە پلەى یەک و، پاشان هەرێمى کوردستان لەگەڵ دراوسێکان تورکیا و ئێران گفتۆگۆ دەکەین، ئەو وڵاتانە بە حکومى جیۆپۆلۆتیکى ناوچەکە ئەو مافەیان هەیە گفتوگۆ لەمبارەیەوە بکەین".
سەعدى ئەحمەد پیرە جەختى لەوە کردەوە و دڵنیایی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لەوەی کورد سەرەتایەک دانانێت بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و سیستەمی سیاسی لە ناوچەکە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کورد هەرگیز بیری لەوە نەکردووەتەوە ببێتە هۆکارێک یان پێگەیەک بۆ تێکدانی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بەڵکو مافی چارەی خۆنووسین، واتە سەقامگیری، رازیبوون، دڵنیایی دان و پێکەوەژیان بە ئارەزوومەندانە نەک پێکەوە ژیان بە ناچاری".