Azad Mohammed Abdullah
22 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2018
دهۆک – AA
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ رایگەیاند "بە ئەرێى نێودەوڵەتى ئۆپەراسیۆنى لقى زەیتون دەستیپێکردووە".
ئیبراهیم برۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پەیەدە لقێکى پەکەکەیە، پێش ئێستاش تورکیا چەندین جار جەختى کردووەتەوە کە رووبەڕووى پەکەکە دەبێتەوە و شەڕى لەناوبردنیان دەکات نەک لە عەفرین لە هەر شوێنێکی دیکە هەبێت".
گوتیشى: "ئەمریکا داواى لە تورکیا کرد پێش لەناوچوونى داعش هیچ هێرشێک بۆ سەر چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە ئەنجام نەدات، ئێستا داعش نەماوە لە سووریا، ئەمریکا خۆى دەرفەت دەدات تورکیا ئۆپەراسیۆنى لقى زەیتون لە عەفرین ئەنجام بدات، تورکیا بە ئەمریکا و رووسیاشى راگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنى لقى زەیتون تەنها دژ بە پەیەدە/پەکەکەیە، نەک دژ بە پێکهاتەى کورد لە باکوورى سووریا".
هەروەها گوتى: "ئەمریکا، رووسیا، ئێران، سووریا و بەریتانیا ئاگادارى ئۆپەراسیۆنى لقى زەیتونن کە لە لایەن سوپاى تورکیا دژ بە چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە لە عەفرین بەڕێوەدەچێت، ئەمە پرسێکى نێودەوڵەتییە، لەسەر خواستى لایەنێک یان لەسەر داواکارى کەسێک ئەنجام نەدراوە تا بتوانین شەڕەکە بوەستێنین".
- "ئۆپەراسیۆنى لقى زەیتون کاتێک دەوەستێت، هۆکارى ئۆپەراسیۆنەکە نەمابێت لە ناوچەکە"
ئیبراهیم برۆ دوورکەوتنەوەى پەیەدە/پەکەکە لە سنوورى تورکیا بە باشترین چارەسەر دەزانێت و دەڵێت "تورکیا نایەوێت پەیەدە/پەکەکە دراوسێى تورکیا بێت، بە هەموو وڵاتانیشى راگەیاندووە کە پەیەدە/پەکەکە تیرۆریستە و بۆ پاراستنى ئاسایشى وڵاتەکەى رووبەڕوویان دەبێتەوە، ئێستا شەڕێکى سەخت دەستیپێکردووە. ئەوەى ئێمە دووپاتى دەکەینەوە شەڕەکە بوەستێت بۆ ئەوەى خەڵکى سڤیلى عەفرین و ناوچەکە نەبێتە قوربانى، دەبێت چەکدارانى پەیەدە/پەکەکە لە ناوچەکە دوور بکەونەوە دەست لەو عەقڵییەتە چەوتە بەربدەن و بزانن کە مانەوەیان لەسەر سنوور جێگەى قبووڵ نییە لە لایەن تورکیا. دەرفەت بە هەموو لایەن و پێکهاتەکانى ناوچەکە بدەن ناوچەکە بپارێزن".
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجوومەنى نیشتمانى کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ ئاماژەى بە لەشکرى رۆژدا و گوتى: "پێویستە سنوورى ناوچەکە لە لایەن لەشکرى رۆژ و پێکهاتەکانى ناوچەکە بپارێزرێت و دەبێت پەیەدە/پەکەکە سنوورەکە بۆ لەشکرى رۆژ و پێکهاتەکانى ناوچەکە جێبهێڵن تاوەکو ئارامى لە سنوورەکە بێتە ئاراوە و مەترسى لەسەر سنوورى تورکیاش نەمێنێت، لەشکرى رۆژ ئامادەیە تەواوى ئەو ناوچانە بپارێزێت کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا".