Dlshad Saifaalddin Ahmed
25 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ ئێران دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ (دەکەوێتە قەزای پێنجوێن بە دووری ١١٢ کیلۆمەتر لە باکووری رۆژھەڵاتی سلێمانی) کردەوە، ئەوەش دوای نزیکەی دوو ھەفتە لە داخستنی ئەو دەروازەیە لەسەر داواکاری حکوومەتی عێراقی.
بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، ئەزوەر مەحمود لەو بارەیەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بە ھۆی ئەو دۆخەی لە عێراق روویدا بووە ھۆی داخستنی دەروازە سنوورییەکان و پێشتر بە بڕیارێکی تاران ئاگادار کراینەوە کە مەرزەکان ھەموو داخراون، ئەمڕۆ خۆشبەختانە دەروازەکە لە سەعات هەشتی بەیانی بە بڕیارێکی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە و ئاگاداریان کردینەوە کە جموجوڵی بازرگانی و ھاتوچۆی ھاووڵاتییان بەردەوام دەبێت ".
بەڕێوەبەری دەروازەکە ئەوەشی گوت، "دەروازەکە زیاتر لە ١٠ رۆژە داخراوە و کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بڕیاری داخستن و کردنەوەی داوە".
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی زیانەکانی داخستنی دەروازەکە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو دەروازەیەوە، ئەزوەر مەحمود گوتی: "کردنەوەی مەرزەکە لە لایەن وڵاتی ئێران خۆیەوە بووە و ھیچ رێککەوتنێک نەکراوە لەگەڵ ئێمە بۆ کردنەوەی و ھیچ مەرجێکیشمان جێبەجێ نەکردووە، رۆژانە لەم دەروازەیەوە جموجوڵێکی بازرگانی زۆر دەکرێت و رۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ تا ٤٠٠ ئۆتۆمۆبێل ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیادا دەکەن، وەستانی ئەوەش زیانی خۆی ھەبووە، بەڵام بۆ لایەنی ئێرانی زیاتر زیانی ھەبووە کە زیاتر لەوێوە کاڵا ھاوردە دەکرێت".
بەڕێوەبەری دەروازەکە رەتی کردەوە، ھیچ بەرپرس و کارمەندێکی حکوومەتی عێراقی ھاتبنە دەروازەکە بۆ سەرپەرشتی و چاودێریکردنی دەروازەکە.
ئەو ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا ئێران تەنھا دەروازەی باشماخی کردووەتەوە و دەروازەکانی تر نەکراونەتەوە، بەڵام لەو ماوەیەی پێشوودا مەرزە لاوەکییەکان بەردەوام کراوە بوون و ئاڵوگۆڕی بازرگانیان تیادا کراوە.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، سیروان محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "کردنەوەی ئەو دەروازەیە دوای ھەوڵ و پەیوەندی چەند رۆژێکمان دێت لەگەڵ یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی ئێران و پەیوەندی کردن بە کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە. راگرتنی دەروازەکەش لەو چەند رۆژەدا زیانی ئابووری بە ھەردوولا گەیاندووە".
یەک لە شۆفێرانی ئێرانی بەناوی سیروان محەمەد دوای کردنەوەی دەروازەکە ، بە ئۆتۆمۆبێلەکەیەوە ھاتە سنووری ھەرێمی کوردستان، ئەو گوتی: "راگرتنی دەروازەکە لەو ماوەیەدا زیانی زۆری بە کاسبکاران و شۆفێران گەیاندووە، چونکە ئێمە جگە لەو کارە ھیچ کارێکی ترمان نییە و بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو ئاڵوگۆڕە و مەرزەکەیە".
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کردنەوەی دەروازەکە بە شێوەیەکی ئاسایی ھاتوونەتە ناو ھەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی ھەردوولا وەک پێشتر ئاسایی بووە و گۆڕانکاری بەسەر نەھاتووە.
مەرزی باشماخ مەرزێکی نێودەوڵەتی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ھەرێمی کوردستانە و رۆژانە سەدان ئۆتۆمبێل لەو مەرزەوە کاڵا و شتومەکی بازرگانی و پیشەسازی ئاڵوگۆڕ دەکەن، پێش نزیکەی دوو ھەفتە و لەسەر داواکاری حکوومەتی عێراقی و بە ھۆی کێشەکانەوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان مەرزەکە داخرا.