Abdullah Shukur
26 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2016
مووسڵ
رێکخراوی تیرۆریستی داعش ٣٢ سڤیلی لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ بە تۆمەتی سیخوریکردن کوشت.
عەقیدی پۆلیسی سوپای عێراق، سوڵتان حەمودات ئەلعزی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوینێ شەو ھەڵیکوتاوەتە سەر چەند ماڵێکی خەڵکی سڤیل لە گەڕەکەکانی ئەلان ئەزقا، مەساریف، ئەلزھور و گەڕەکی جامیعەی رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ.
ئەلعزی گوتی: "زانیاریمان پێگەیشتووە کە چەکدارانی داعش ٣٢ سڤیلیان بۆ شوێنێکی نادیار بردووە و لەو شوێنەش کوشتوویانە".
ئەلعزی ئاشکراشی کرد کە ئەم کەسانە بە تۆمەتی سیخوری و پێدانی زانیاری بە سوپای عێراق تۆمەتبار کراون.
ئەلعزی ئاماژەی بەوە دا کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ئەگەری گواستنەوەی زانیاری و سیخوریکردن، ھەڕەشەی کوشتنی لە خەڵکی سڤیلی ناوچەکانی ژێر دەستی خۆی کردووە.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شاری مووسڵ بە ھاوبەشی ھێزەکانی پێشمەرگە، سوپا و پۆلیسی عێراق لە ١٧ی تشرینی یەکەم دەستیپێکردبوو.