واشنتۆن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ماریا هارف رایگەیاند: "لەگەڵ ئێرانییەكان لەسەر رێژەی یۆرانیۆمی نێو کۆگاكان هیچ جۆرە رێككەوتنێك نەكراوە".
هارف هاوکات لەگەڵ بەردەوامی دانوستانی ئەتۆمی ئێران لە شاری لۆزان گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ماریا هارف رایگەیاند: "ئەوەی كە میدیاكانی ئەمریكا باسی لێوە دەكەن گوایا ئەمریكا لە رێككەوتنی دەركردنی رێژەی یۆرانیۆمی نێو کۆگاكانی ئێران خۆی كێشاوەتەوە دوورە لە راستی. چەندین مانگە لەگەڵ ئێرانییەكان لەسەر چۆنێتی دەرخستنی یۆرانیۆمی نێو کۆگاكانی ئەو وڵاتە بۆ دەرەوەی وڵات گفتوگۆ دەكرێت و چەندین پلانیش بۆ ئەو مەبەستە دانراوە كە یەكیان لە ناوبردنی ئەو یۆرانیۆمە لە چوارچێوەی پلانێكی هاوبەش و هەنگاوی دیكەیشیان دەركردنی ئەو یۆرانیۆمە لە ئێرانە، چەندین رێکاری دیكەیش هەیە بەڵام لە ماوەی ئەم 24 سەعاتەی دواییدا گۆڕانكاری گرنگ هاتە ئاراوە، ئەوە راست نییە كە گوشار لەسەر ئێران دروست کراوە. ئەم جۆرە هەواڵانە لە بارەی رووداوەكانی ئەو ژوورەی كە تێدا دانوستانەكان ئەنجام دەدرێن راست نین. ئەم پرسە یەك لەو پرسانەیە كە هێشتا چارەسەر نەكراوە و یەك لە پرسە هەرە گرنگەكانە و هیچ جۆرە رێكەوتنێك لەگەڵ ئێرانییەكان لەسەر یۆرانیۆمی نێو کۆگاكان نەكراوە".
هارف لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "هێشتا لە چوارچێوەی دانوستانەكاندا چەندین پرسی گرنگ بەبێ چارەسەری ماونەتەوە، بەڵام لە چەندین بواریشدا وردە وردە لایەنەكان لەسەر فرمۆلێكی هاوبەش نزیك دەبنەوە. بەڵام ئەگەر ئەم پرسانەش چارسەر نەكران ئەوا ناتوانرێت هیچ جۆرە رێككەوتنێك ئیمزا بكرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین كە پەلە نەكەین كە بگەینە رێككەوتنێكی خراپ، هەتا رێككەوتنێكی باش نەبێت نامانەویت هیچ جۆرە رێككەوتنێكی خراپ ئیمزا بكەین".
دانوستانی سەر بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 1+5 لە رۆژی پێنجشەممەوە لە شاری لۆزان دەستی پێكردووە و بەردەوامە.