Zana Natık Kerem
06 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی رەوشی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا، سەبارەت بە رەوشی گشتیی عێراق و ھەرێمی کوردستان و گوزەرانی خەڵک گفتوگۆ کراوە.
باس لەوەشکراوە کە لە دیدارەکەدا، جەختکراوتەوە لە بەھێزکردنی گفتوگۆ و دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور و یاسا و پاراستنی مافی ھاووڵاتییان و مووچەخۆران و ھێنانەکایەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێ جیاوازی.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە دیدارەکەدا، جەختکراوەتەوە لە گرنگی پتەوترکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگیی نێوان دەزگاکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم بۆ گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی وڵات و بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی و ھێنانەدی داواکارییە رەواکانی خەڵک.
ھەر بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا، بەگرنگییەوە باس لە بەھێزکردنی دیالۆگی جددی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان، بەتایبەتی کێشەکانی خەڵک.