Dlshad Saifaalddin Ahmed
30 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان و نیگەرانییەكانی حزبەكەوە، راگەیەندراوێكی بۆ رای گشتی و رێكخراوە ناحكوومی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان بڵاوكردەوە.
گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ، بڕیار رەشید راگەیەنراوی رەسمی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی خوێندەوە و ئاماژەی بە نیگەرانییەكانی حزبەكەی لە شێوازی بەڕێوە چونی هەڵبژاردن لە دهۆك و هەولێر كرد.
بڕیار رەشید رایگهیاند: "هۆشداری دەدەین، لە پێشێلكارییەكی بە بەرنامە بۆ دارێژراو لە سنووری بادینان و هەولێر، دژی چاودێرەكانی یەكێتی و رێكخراوە ناحكوومییەكان و هاوكات نانەوەی پشێوی ئەمنی لە سلێمانی.
بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین لە سنووری بادینان و هەولێر، پێشێلكارییەكی زۆر و تەزوێرێكی زۆری بە بەرنامە لە ناوەندەكانی دەنگدان ئەنجامدراوە،كە ژمارەیەكی زۆر (رەگەزنامەی عێراقی ساختە) دروستكراوە بۆ یاری كردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، كە دواتر تەواوی بەڵگە سەلمێنراوەكانمان بۆ رای گشتی بڵاودەكەینەوە".
گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راشیگهیاند: "لە سنووری هەولێر و بادینان، لە نزیك بنكەكانی دەنگدان هێزێكی زۆری چەكدار لەژێر ناوی هێزی ئەمنی بڵاوە پێكراون، هێرشی رەشبگیری و دەستدرێژیكراوەتە سەر چاودێرەكانمان ، هاوكات لە سلێمانیش لەو بنكانەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێیدا براوەی یەكەمە، بە پلانێك هەوڵی دروستكردنی پشێوی ئەمنی تیدادراوە ".
له كۆتاییدا گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیار رەشید رایگهیاند "لێرەوە رایدەگەیەنین، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و وەزارەتی ناوخۆ ، لێپرسراوی یەكەمی ئەو دۆخەن و هەندێك لایەنی دیاری كراوی سیاسیش بە هەڵبژادنی بێدەنگیان، مەبەستیانە پشتیوانی لەو تەزویر وساختەكارییە بكەن كە لە سنوری بادیناو وهەولێر لە دژی یەكێتی ئەنجام دەدرێت و لە سلێمانیش هەوڵی تێكدانی رەوشی ئەمنی شارەكە دەدەن. بۆیە هەموو رێكارێكی یاسایی و مەدەنی دەگرینە بەر بۆ بەرگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو (تەزویرە بەرنامە بۆ دارێژراوە) لە سنووری بادینان و هەولێر و گرتنە بەر رێكاری یاسایی بۆ سزادانی سەرپێچیكاران، جەختیش دەكەینەوە لە بەرامبەر دەستدرێژیكردنە سەر چاودێرەكانمان بێدەنگ نابین".
بڕیار رەشید لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوساندا گوتی: "كێشەی نەهاتنەوەی ناو و گۆڕانكاری لە بنكەیەكەوە بۆ بنكەیەكی ترو ئاستەنگ دروستكردن بۆ دەنگدەران ئەوەش كێشەیەكی گەورە بووە و پرۆسەكەی خاوكردوەتەوە و رێژەی دەنگدانی كەمكردووەتەوە كە ئێمە سكاڵامان لەسەر ئەو بابەتە بە بەڵگەوە تۆماركردوەو رادەستی كۆمیسیۆنمان كردووەو چاوەڕێی وەڵامی سكاڵاكانمان دەكەین".