Heman Hussein Yaseen
09 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید رایگەیاند کە بەشداری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ناکەن کە بڕیارە لەنێوان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بەڕێوەبچێت بە مەبەستی رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.
لەوبارەیەوە عەبدولستار مەجید راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە "بڕیارە لەسەر داوای دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کۆبوونەوەیەک لەنێوان دەستەی سەرۆکایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بەڕێوەبچێت، بڕیاری ئێمە بەشداری نەکردنە لەو کۆبوونەوەیدا لەبەر چەند ھۆکارێک.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بە ھۆکاری بەشداری نەکردنیان کردووە و دەڵێت "لەدوای بەزمەکەی ٧ی ئایاری رابردوو کە پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ، سۆران عومەر ھەڵگیرا، ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسەتی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا نەھاتووە و ئەو جۆرە تێڕوانین و بیرکردنەوەیەش کاری گەورەی لێ چاوەڕوان ناکرێت".
عەبدولستار مەجید ھەروەھا دەشڵێت "لەم دۆخە سەختەدا و بەم ھەموو قەیران و کێشە و گرفتەی بۆ خەڵک دروستکراوە، پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی جورئەتی باسکردنی لێپرسینەوەشی لە حکوومەت نییە کە بەرپرسی ئەم ھەموو قەیران و کێشەیەن، کۆبوونەوە و کۆنەبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان چی لە بارگرانی خەڵک کەم دەکاتەوە و چەند لە برینیان ساڕێژ دەکات ؟!".
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید باس لەوەیش دەکات کە ئەوان پێیان وابوو دەبێت پەرلەمانی کوردستان بە جددی لەسەر خەت بوایە بۆ مووچە و گوزەرانی خەڵک و دەڵێت "ئێمە پێمانوایە کە دەبوو پەرلەمان بەجددی لەسەر خەت بوایە بۆ مووچە و گوزەرانی خەڵک، نەوەک کۆتا کەس قسە بکات، قسەکردنەکەشی ھەر ھێندەی بێدەنگییەکەی کاریگەریی ھەبێت".
عەبدولستار مەجید راشیدەگەیەنێت کە ھەرکات کۆبوونەوە بۆ دانانی ئەجێندا و بەرنامەی کۆبوونەوەی تایبەت بە بانگھێشت و لێپرسینەوە لە حکوومەتی ھەرێم بێت، ئەوان بە جددی بەشداری دەکەن و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پێویست بوو پەرلەمانی کوردستان خەریکی ئەم ھەنگاوە بووایە نەوەک خۆ خەریککردن بە شتی لاوەکیی.