Sarmand Hameed
10 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2022
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق یەکێتی ئەورووپا و پرسەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق و هەرێمیی و نێودەوڵەتییان کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حوسێن لە پەراوێزی کارەکانی "کۆنفرانسی پشتیوانییکردنی ئایندەی سووریا و ناوچەکە" کە لە بەلجیکا بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل کۆبووەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و یەکێتی ئەورووپا و پرسەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق و هەرێمیی و نێودەوڵەتیی کرا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی پەرەدان بە هاوبەشیی و هەماهەنگیی نێوان عێراق و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرا و لەمبارەیەوە فوئاد حوسێن جەختی لە گرنگی رۆڵی عێراق لە هاوبەشیی و هەماهەنگیی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بنرێن بۆ جێبەجێکردنی هاوبەشیی و هەماهەنگیی لەنێوان هەردوولادا کردووەتەوە، هاوکات جەخت لە گرنگیی تەواوکردنی کۆبوونەوەکانی لیژنە لاوەکییەکان کردەوە و خواستی وڵاتەکەیشی بۆ بەستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەماهەنگیی لەسەر ئاستی وەزیر لە ئایندەیەکی نزیکدا نیشاندا.
هەر لە دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن دوایین پێشهاتەکانی سیاسیی لە عێراق و هەوڵەکانی هێزە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بە جۆزێپ بۆرێل راگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەر لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە رەوشی سیاسیی لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی لەنێویاندا پێشهاتەکانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کراوە و لەمبارەیەوە فوئاد حوسێن جەختی لە هەڵوێستی عێراق کردەوە کە داوای چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسیی کە جێی رەزامەندی هەموولایەنەکان بێت لە زووترین کاتدا کردەوە.
هاوکات باس لە هەنگاوەکانی دانوستانی رێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ و رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کرا.
لای خۆیەوە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێل جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ عێراق کردەوە و لەمبارەیەوە باس لە بوونی هاوبەشیی بەهێز لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و عێراق کرد و ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیی بۆ عێراق و خواستی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا دووپات کردەوە.