Abdullah Shukur
22 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2015
عەممان
بەرێوەبەری نووسینگەی ھەماھەنگسازی ھاوکاری مرۆیی نەتەوەیەکگرتووەکان، سارا ماسکرۆفت رایگەیاند کە لێشاوی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتانی ئەورووپا، کێشەکەی لە چوارچێوەی قەیرانی ناوچەیی دەرھێناوە.
سارا ماسکرۆفت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە " پێویستییەکانی ھاوکاری مرۆیی بەراورد لەگەڵ پێشوو زۆر زیادی کردووە و ئەو بارودۆخەی کە کاریگەری لەسەر وڵاتانی ئوردن و تورکیا ھەبووە ئێستا بۆ ئەورووپاش درێژبووەتەوە. لێشاوی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتانی ئەورووپا، کێشەکەی لە چوارچێوەی قەیرانی ناوچەیی دەرھێناوە و کاریگەری گەورەی کردووەتە سەر چەند وڵاتێک، ئێستا قەیرانی یەمەن لە ئارادایە و چەند پێشھاتەیەکی دیکەش لە جیھان دەگوزەرێت. ئەمانە پێویستیان بە ھاوکاری مرۆیی زیاتر ھەیە".
ماسکرۆفت راشیگەیاند کە چەند وڵاتێکی ئەورووپا رێگە بە ھاتنی پەنابەران دەدەن. راشیگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەیڤید کامیرۆن ھەفتەی رابڕدوو ئەمەی بە ئاشکرا لە ئوردن راگەیاندووە.
ماسکرۆفت جەختیشی لەوە کردەوە کە رێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندیدار بە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی لە رێگەی سنوورەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دایە پەیڕەو کراوە.
جێگەی باسە بە پێی ئامارە رەسمییەکان زیاتر لە یەک ملیۆن ٤٠٠ ھەزار پەنابەری سووری لە وڵاتی ئوردنە.