ئەدیس ئەبابا
لە چوارچێوەی ھەوڵە نێودەوڵەتیەكان بۆ ئارامكردنەوەی رەوشی سودانی باشوور؛ لە شاری ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوبیا توانرا لایەنەكان رازی بكرێن بۆ ئەوەی لەسەرمێزی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سودانی باشوور كۆببنەوە.
دیپلۆماتكارێكی ئەفریقی ناوبژیكار لە لێدوانێكیدا ئاشكرایكرد كە سەرۆك وەزیرانی ئەسیوبیا خالیە ماریام و سەركۆماری كینیا ئوھرو كەنیاتا لە چوارچێوەی ھەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سودانی باشوور، ئازادكردنی گیراوان و چارەسەری ئاشتیانە، توانیان لایەنەكانی ئەو وڵاتە رازی بكەن. ئەو دیپلۆماتكارە دەڵێت سەرەتا شاندی IGDA لەگەڵ ھەریەك لە سەرۆكی سودانی باشوور سلڤا كیر و ریەك ماچەری جێگرەكەی كۆبوونەتەوە.
سەرۆكی سودانی باشوور سلڤا كیر لە لێدوانێكدا كە رۆژی یەكشەممە ١٦ ئەو مانگە بڵاویكردەوە، ئاشكرایكرد كودەتایەك بێ ئەوەی سەركەوتوو بێ لە سودانی باشوور ئەنجامدراوە و ریەك ماچەری جێگری سلڤا كیر كە مانگی تەمموزی رابردوو لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، لەپشت پڵانی ئەو كودەتایەوەیە.
دوای ئەو لێدوانەی سەرۆكی باشووری سودان ژمارەیەكی زۆر لە سیاسەتمەدار و بەرپرسی سەربازی دەستگیركران و بەھۆی شەڕ و توندوتیژیش باری نا ئاسایی لەو وڵاتە راگەیەندرا.