Muhammet Ali Kemal
04 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2016
لە سووریا یەکەکانی سەربە سوپای فەتح رایانگەیاند لە دەورووبەری ناحیەی خان تومان تانکێک و جبەخانەیەکی سوپایان لەناوبردووە، دوو گوندیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە و لەئەنجامی پێکدادانەکانیشدا ٦٠ سەربازی رژێم کوژراون و ١١ی دیکەیان بە دیل گیراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەرچاوە لۆکاڵییەکانەوە دەستیکەوتووە، یەکەکانی سەربە سوپای فەتح لە دەورووبەری ناحیەی خان تومان تانکێک و جبەخانەیەکی سوپایان لەناوبردووە، هەریەک لە گوندەکانی مەئرەت و حومێرایان کۆنترۆڵ کردووەتەوە.
لەئەنجامی پێکدادانەکانی دەورووبەری ناحیەکەشدا ٦٠ سەربازی رژێم کوژراون کە ژمارەیەکیان چەکداری ئەفغانین و ١١ سەربازی دیکەیان بە دیل گیراون. ئاماژە بەوەشدەکرێت هەریەک لە فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە رژێمی سووریا و سوپای رووسیا ئەو ناوچانەیان بۆردوومان کردووە کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی لێیە لەدەورووبەری ناحیەی خان تومان.
سوپای فەتح مانگی رابردوو ناحیەی خان تومان و هەریەک لە بەرزاییەکانی گوندی خالیدییە، تەلمەقلا و تەل زەیتونی کۆنترۆڵ کردبوو، ناحیەکە خاوەنی گرنگییەکی ستراتیجییە و دەکەوێتە باشووری شاری حەلەبەوە.
خان تومان بەهۆی ئەوەی نزیکە لە رێگەی دیمەشق-حەلەب و دەروازەیەکە بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ کرانەوە بە رووی پارێزگای ئیدلیبدا، خاوەنی گرنگییەکی ستراتیجییە. لە پێکدادانەکانی مانگی رابردوودا لە خان تومان لەلایەن هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ٨٠ سەربازی ئێرانی کوژرابوون کە ژمارەیەکیان ئەندامی لیوای فاتیمیون و هەندێکی دیکەشیان سەربە حزبوڵڵای لوبنان بوون.