04 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2020
واشنتۆن - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ سوپاسی سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەری سوودان، عەبدولفەتاح بورهان-ی کرد لەوەی دەستپێشخەری کردووە بەئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوودان لەگەڵ ئسرائیل.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە مایک پۆمپیۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولفەتاح بورهان ئەنجامداوە و لەمیانیدا ژمارەیەک پێشهاتیان تاوتوێکردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردووڵا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە گرنگە سوودان رۆڵێکی کارا بگێرێت لە ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا و جەختیان لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان سوودان و ئەمریکا پتەوتر بکرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مایک پۆمپیۆ سوپاسی عەبدولفەتاح بورهان-ی کردووە لەوەی دەستپێشخەری کردووە بەئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوودان لەگەڵ ئسرائیل بە تایبەتیش دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە لە ئۆگەندا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو کۆبووەتەوە".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە مایک پۆمپیۆ بانگێشتنامەیەکی ئاراستەی عەبدولفەتاح بورهان کردووە بۆ ئەوەی لەمیانی ئەمساڵدا سەردانی واشنتۆن بکات.
پێشتر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا ئاشکرای کردبوو کە دوێنێ بێنیامین ناتانیاهو وعەبدولفەتاح بورهان لە ئۆگەندا کۆبوونەتەوە و لەمیانیدا هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە دەست بکەن بە هاوکارییەکان بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هاوکات لایەنەکانی فەڵەستین رایانگەیاندووە کە سەرکۆنەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەری سوودان، عەبدولفەتاح بورهان و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو دەکەن.
لای خۆیەوە حکوومەتی سوودان سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەری سوودان، عەبدولفەتاح بورهان و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو کە دوێنێ لە ئۆگەندا سازکرا رایگەیاندووە کە ئاگاداری کۆبوونەوەکە نییە و هیچ راوێژێکی لەوبارەوە پێنەکراوە.