Hawkar Yaseen
27 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2020
هەولێر AA
لە میانی سەردانە فەرمییەکەی وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، فلۆرانس پارلی بۆ بەغدا، لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی كردووەتەوە لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەردەوامیدان بە جەنگی دژبە تیرۆر و ریشەكێشكردنی یەکجاری ئەو هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی و ئاسایش و پتەوكردنی هاریكاری و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەموو شێوەكانی توندڕەوی.
ھاوکات ئاماژەی كردووە بۆ گرنگی راوێژ و كاری هاوبەش لەگەڵ یەكێتی ئەورووپا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و کۆتایی ھێنان بە قەیران و گرژییەكان لە ناوچەکەدا و رۆڵی كارای فەڕەنسای بەرزنرخاندووە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرکۆمار جەختی كردەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی عێراق بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و رێگرتن لە دەست خستنە ناو كاروباری ناوخۆی عێراق".
هاوکات وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، فلۆرانس پارلی لە دیدارەکەدا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری لە عێراق دەربڕیوە، ئامادەیشی نیشانداوە بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی بە هێزە عێراقییەكان لەڕووی ئامادەکردن و راهێنان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا باس لە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییەكان لە تەواوی بوارەكاندا کراوە، بە تایبەت هەماهەنگی ئەمنیی و بونیادنانی توانا سەربازییەکانی عێراق و خستنە رووی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەردوو گۆرەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی.
ئێوارەی دوێنێ وەزیری بەرگریی فەڕەنسا، فلۆرانس پارلی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەخت و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دیدار و کۆبوونەوەی هەبێت، دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەشی بۆ بەغدا فلۆرانس پارلی سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.