Zana Natık Kerem
23 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2024
ھەولێر ــ AA
سبەی چوارشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات کە لە میانیدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتیی و پڕۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات.
فەرمانگەی ڕاگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا کارنامەی دانيشتنەکەی سبەی چوارشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوکردەوە.
بەپێی کارنامەکە لە میانی دانیشتنەکەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، پڕۆژەیاسای ھەمواری ٢١ی ژمارە ٢٥ی یاسای موڵکەکان دەخرێتە دەنگدانەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە دانیشتنەکەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت لەنێویاندا پرۆژەیاسای ھەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتیی و یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی.
ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە کە لە دانیشتنەکەی سبەی چوارشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەم لەبارەی پێشنیازە یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی دەکرێت.