ھەولێر – AA
لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بەفەرمانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆرج دەبلیو بوش ھێزەکانی ئەمریکا بەھەماھەنگی لەگەڵ ھاوپەیمانانی ئەمریکا ھێرشیان کردە سەر عێراق، بەڵام بەر لەوەی ھێرشەکە ئەنجام بدرێت، ئەمریکا و ھاوپەیمانان ٤٨ کاتژمێر مۆڵەتیان دا بە سەرۆکی رژێمی پشووی عێراق، سەدام حوسێن بۆ ئەوەی وڵاتەکە جێبھێڵیت، لەبەرامبەردا سەدام حوسێن ئەو داوایەی رەت کردەوە و دواتر شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا و سوپای عێراقدا روویدا کە بە رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن کۆتایی ھات.
لەگەڵ ئەوەی ٢٠ ساڵ بەسەر داگیرکردنی عێراقدا تێپەڕدەبێت، ھێشتا سەقامگیریی ئەمنیی و سیاسیی لە عێراق بەرقەرار نەبووە، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو وڵاتە لە میانی چەند ساڵی رابردوودا، بەرەوڕووی قەیرانی ئابووریی، ململانێی تائیفی لەنێوان شیعە و سوننە و ھێرشی رێکخراوە تیرۆریستەکانی "ئەلقاعیدە" و "داعش" بووەیەوە.
دوای داگیرکردنی ئەمریکا بۆ عێراق ساڵی ٢٠٠٣، پۆل برێمەر وەک حاکمی مەدەنیی ئەمریکا لە عێراق دەست بەکاربوو کە لە میانیدا بڕیاری قەدەغەکردنی پێدانی پۆستی بە ئەندامانی حزبی بەعسی ھەڵوەشاوە دەرکرد و دواتریش سوپای عێراقی سەردەمی سەدام حوسێنی ھەڵوەشاندەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٤دا، ئەنجوومەنی حوکم پێکھێندرا و دواتر دەستووری نوێی عێراق بە بەشداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان نووسرایەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٥ رەشنووسی دەستووری عێراق خرایە راپرسییەوە و بە زۆرینەی دەنگی ھاووڵاتییان پەسەند کرا و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، فیدڕاڵییەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا چەسپێندرا.
دوای پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق، بڕیاردرا رۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ یەکەم ھەڵبژاردنی گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت.
لە٣٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥دا، یەکەم ھەڵبژاردن لەدوای رووخاندنی رژێمی پێشوو بەڕێوەچوو کە لایەنە شیعەکان و کورد بەشدارییان کرد و سوننەکان بایکۆتی ھەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسییان کرد.
لایەنە سوننەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ گەڕانەوە نێو پڕۆسەی سیاسیی و بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی ٢٠١٠، ٢٠١٤، ٢٠١٨ و ٢٠٢١دا کرد.
لە میانی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانییەکانییەوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ژمارەیەک روودای گرنگ روویاند کە بەھۆیانەوە تا ئێستا عێراق لەرووی سیاسیی و ئەمنییەوە سەقامگیر نییە.
ــ شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای مەھدی و ھێزەکانی ئەمریکا
لە دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، ساڵی ٢٠٠٤ ساڵێکی پڕ لە کێشمەکێش بوو لە عێراق، کاتێک سوپای مەھدی سەربە رەوتی سەد بە بڕیارێک شەڕیان دژبە داگیرکاری ئەمریکا راگەیاند.
ھەروەھا لە ئاداری ٢٠٠٨دا، بە فەرمانێکی سەرۆکوەزیران پێشووتری عێراق، نوری مالکی، سوپای عێراق بە پشتیوانی ھێزەکانی ئاسمانیی ئەمریکا ھێرشی کردە سەر چەکدارنی سەدر و لە ماوەی یەک ساڵدا، کوشتارێکی زۆریان لە سوپای مەھدی کرد.
لە ساڵی ٢٠٠٨ بەدواوە، ناکۆکی قوڵ کەتووەتە نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی کە تا ئێستا بەردەوامە.
موقتەدا سەدر نوری مالیکی بە "گەندەڵی و کردەی توندوتیژی" تۆمەتبار کرد، ھەروەھا ھۆکاری داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، خستە ئەستۆی سیاسەتەکانی نوری مالیکی.
ناکۆکییەکانی نێوان موقتەدا سەدر و نوری مالیکی، وای کردووە کە تا ئێستا ئاسایش و سەقامگیریی لەڕووی سیاسیی و ئەمنی لە عێراق بەرقەرار نەبێت.
ــ دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، ئەو ڵاتە بەرەوڕووی ململانێی تائیفی و ھێرشی رێکخراوە تیرۆریستەکانی "ئەلقاعیدە" و "داعش" بووەیەوە
ساڵی ٢٠٠٦ ساڵێکی خوێناوی بوو لە عێراق، ئەمەش بەھۆی ململانێی تائیفی لەنێوان شیعە و سوننە کە بەھۆی تەقاندنەوەی مەزارگەیەکی شیعەکان روویدا ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو و بەھۆیەوە ھەزاران کەس کوژران.
دوای داگیرکردنی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، رێکخراوی تیرۆریستیی "ئەلقاعیدە" لە عێراق سەریھەڵدا کە تا ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بوو.
رێکخراوی تیرۆریستیی "ئەلقاعیدە" دوای سەرھەڵدانی لە عێراق، چەندین پەلاماری تیرۆریستی بۆسەر ھێزە ئەمنییەکان و ھاووڵاتییان ئەنجامدا کە بەھۆیانەوە کەسانێکی زۆر کوژران و برینداربوون.
دواتر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا، دەستی بە ھێرش کرد و یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیرکرد، حکوومەتی عێراق ١٠٠ ملیار دۆلار زیانی ماددی کرد و ھەرچەندە شکستپێھێنانی داعشی راگەیاندووە، بەڵام ھێشتا رێکخراوەکە بەردەوامە لە ئەنجامدانی پەلامار بۆسەر ھێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی.
ــ رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دوای ریفراندۆکەمەی ھەرێمی کوردستان
دوای ئەوەی لە ٢٥ ئەیلوولی ٢٠١٧دا، ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەنجامدرا، پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا تێکچوو کە بەھۆیەوە حکوومەتی فیدراڵیی زنجیرەیەک گەمارۆیی ئابووریی و دیپلۆماتی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپاند.
ھەروەھا لە ١٦ تشرینی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۷ سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی یاسای لە ناوچە کێشە لەسەرەکان راگەیاند کە لە میانیدا، توانرا دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵیی لەو ناوچانە بسەپێندرێت.
- دوای داگیرکردنی عێراق، ئەو وڵاتە بووە گۆڕەپانی ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران
دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە، ئەمریکا و ئێران ھەژموونی سیاسیی و سەربازیی خۆیان لە عێراقدا سەپاند، بەھۆی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، نائارامی زیاتر باڵی بەسەر عێراقدا کێشاوە.
دوای ئەوەی لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودس، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس کوژران، عێراق بووە گۆڕەپانی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی کاردانەوەکان دژبە مانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق زیادیان کرد و لە پێنجی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەژێر ھەژموون و کاریگەریی لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران بڕیارێکی دەرکرد بۆ ئەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە.
ھەرچەندە ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەشێکی بنکە سەربازییەکانیان چۆڵ کرد و رادەستی ھێزەکانی عێراق-یان کرد، بەڵام ناوە ناوە بە ئاراستەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ھێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئامانجەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان ناوبەناو رووبەڕووی بوونەوە.
باس لەوە کراوە کە گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران لە پشت ئەنجامدانی ئەو پەلامارانەوە بوون، بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر سەربازانی ئەمریکا تا عێراق بەجێبھێڵن.
ــ خۆپیشاندانی تشرینییەکان لە ساڵی ٢٠١٩
لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستی پێکرد و بەھۆی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان کە تیایدا نزیکەی ٦٠٠ کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠ ھەزار کەس برینداربوون، و لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا، عادل عەبدولمەھدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا، ئەمەش بۆ یەکەمجار بوو لە عێراقی نوێدا سەرۆکوەزیران دەستلەکاربکێشێتەوە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی، لە نیسانی ٢٠٢٠دا، سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی، مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی راگوزەر لە عێراق راسپێردرا، دوای ئەوی ھەریەک لە ئەسعەد عیدانی لەلایەن سەرکۆمار، بەرھەم ساڵح و محەمەد تۆفیق عەللاویش داوای لێبوردنی کرد لە راسپاردنی.
مستەفا کازمی لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا رایگەیاند، کار دەکات بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت و لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، ھەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.
ــ شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان لایەنگرانی سەدر و حەشدی شەعبی
دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، شەڕ و پێکدادانەکان لە بەغدای پایتەختی عێراق لەنێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی روویدا.
لە ئاکامی لە شەڕ و پێکدادانەکە نزیکەی ٢٠ کەس لە لایەنگرانی سەدر کوژران، زیاتر لە ١٥٠ی دیکەش برینداربوون.
نەھامەتی عێراقییەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەجۆرێک گەیشتووەتە لووتکە کە ناوە ناوە لە ناوچە سوننەنشینەکان، بەنھێنی دروشمی نووسراو بۆ پاڵپشتیکردن لە رژێمی بەعس لە شوێنە گشتییەکاندا ھەڵدەواسرێت.
ھەروەھا گەندەڵی لە زۆربەی دامەزراوەکاندا بڵاوبووەتەوە کە ئەوەیش ھاووڵاتییانی زۆر نیگەران و بێزار کردووە، تەنانەت ھەر کەسێک ھاتووەتە سەر دەسەڵات نەیتوانیوە گەندەڵی بنبڕ بکات.
جگە لەوەیش ئەو حکوومەتانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێکھێنراون، نەیانتوانیوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین بکەن، ئەوەیش وای کردووە ناوەناوە خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەتایبەت لە وەرزی ھاویندا کە عێراقییەکان دژبە نەبوونی کارەبا دەرژێنە سەر شەقامەکان و دژبە حکوومەت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.
سەرجەم ئەو رووداوانە و چەندین رووداوی دیکە، وایان کردووە کە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا، ئاسایش و سەقامگیریی لە عێراق بەرقەرار نەبێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

