Zana Natık Kerem
01 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند، لەسەر ئاستی کاری مەیدانییدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، دەستکەوتی گرنگ لە بواری ئەمنییدا بەدی ھاتووە کە لە میانیدا، ٣١١ تیرۆریستی داعش کوژراون.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی داعشی رایگەیاند کە لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا لە عێراق کوژراون و گوتی: "لەسەر ئاستی کاری مەیدانییدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، دەستکەوتی گرنگ لە بواری ئەمنییدا بەدی ھاتووە کە لە میانیدا، ٣١١ تیرۆریستی داعش کوژراون کە زۆربەیان سەرکردەبوون لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش".
باسی لەوەش کردووە کە ئەو ٣١١ تیرۆریستەی داعش، ٢١٣یان لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانیی و ٩٨ی دیکەیان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی وشکانیی کوژراون.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، ھێزە ئەمنییەکان توانیویانە سنووری عێراق-سووریا بەباشی کۆنترۆڵ بکەن و ریگریان کردووە لە دزەکردنی تیرۆریستان لە سووریاوە بۆناو خاکی عێراق.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، ئاواتەخوازە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، گەورەترین پڕچەککردن، مەشق و راھێنان بۆ ھێزە ئەمنییەکان بەدی بێت، بۆ ئەوەی ھەوڵی زیاتر بدەن بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان ھەیە".