Heman Hussein Yaseen
21 تشرینی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2025
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێڕاق، ئانڵ بۆرا ئینان کرد.
ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێم بڵاویکردووەتەوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا کە کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەرێم، ئەرمان تۆپجو ئامادەی بوو، وێڕای جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دوایین پێشھات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە باڵیۆزی تورکیا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆژە و چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کرد و بەتایبەتیش ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕووناکی و پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە و پشتێنەی سەوزایی و دابینکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو کرد.
بەپێی بەشێکی ھەواڵەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ڕێککەوتنی سێ لایەنەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا کراوە و ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە ببێتە ڕێگاخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە خوولی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا.