Rewa Mahmood Hasan
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2021
سلێمانی - AA
وەک ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و تاقیکردنەوە و دڵنیابوونەوە لە ئامێرەکانی دەنگدان، نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لەڕێگای ناوەندەکانی تۆمارکردنەوە، پرۆسەی هاوشێوەیی دەنگدان ئەنجامدەدەن.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و لە چەند قوتابخانەیەک نووسینگەی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق لە کاتژمێر ١١ی پێشنوەڕۆدا، هەڵسا بە تاقیکردنەوەی سیستەمی دەنگدان کە تیایدا وەک رۆژی دەنگدان کارمەندانی ناوەندەکانی تۆمارکردن لەسەر کاغەزی تایبەت بەم جۆرە دەنگدانە دەنگیان دا و ئەنجامی دەنگدانەکەشیان راستەوخۆ گواستەوە بۆ نووسینگەی نیشتمانیی لە بەغدا.
بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئامانج عزیز لە دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، رایگەیاند کە ئەوان وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشوەختە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هەڵساون بە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوشێوەیی دەنگدان بە ئامانجی ئەوەی کە تاقیکردنەوە بکەن بۆ سەرجەم ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییانەی بەکاردەهێننرێن لە پرۆسەی دەنگداندا، هاوکات ئامانجێکی تری، دروستکردنی ئەزموون بووە لەلایەن کارمەندانی کۆمیسیۆنەوە.
ئامانج عزیز لە بەشێکی تری قسەکانیدا داوای لەو دەنگدەرانەی کە ناوی خۆیان بەشێوەی بایۆمەتری تۆمار کردووە کرد، بچن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق ئاشکراشی کرد کە لە کۆی ملیۆنێک و ٣٦١ هەزار و٩٧٠ دەنگدەر لە سنووری کارگێڕی پارێزگای سلێمانی و لەنێو خودی ئەوانەی خۆیان تۆمار کردووە، تا ئێستا رێژەی لەسەدا ٨٣ی زیاتری کارتەکانی بایۆمەترییان دابەش کردووە.