Zana Natık Kerem
24 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2020
شنگال ــ AA
ئەمڕۆ شەممە، ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسی حکوومەتی عێراق و نوێنەری میری ئێزدی و کەسایەتی ئایینی ئێزدی و کەسوکاری قوربانیانی رزگاربووانی دەستی داعش، پڕۆسەی ھەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەکۆمەڵی ئافرەتانی ئێزدی لە سنووری قەزای شنگال دەستیان پێکرد کە یەکێکیان دەکەوێتە گوندی سۆلاغ و ئەوەی دیکەیش لە گۆندی کۆجۆ.
پێشبینی دەکرێت، لە گۆڕە بە کۆمەڵەکەی گوندی سۆلاغ رووفاتی ٧٥ ئافرەتی ئێزدی تیایدا بێت و گۆڕە بە کۆمەڵەکەی گۆندی کۆجۆ-یش، رووفاتی ١٥ ئافرەتی کوردی ئێزدی تیایدا بێت کە نیشتەجێی گوندی کۆجۆن.
سەرجەم رووفاتی قوربانیانی نێو دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکان، پێشتر لە لایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون و لەو دوو گۆڕە بەکۆمەڵەدا نێژراون.
ھاوکات ھەریەک لە نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوێنەری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان، نوێنەری دەستەی لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکانی تاوانی شنگال لە ھەرێمی کوردستان لە رێورەسمی ھەڵدانەوە دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا ئامادەبوون.
پڕۆسەی ھەڵدانەوەی دوو گۆڕە بە کۆمەڵەکە کە ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەم دەستیان پێکردووە و ١٧ رۆژ دەخایەنێت کە لە میانیدا رووفاتی سەرجەم قوربانیانی نێو دوو گۆڕە بەکۆمەڵەکە بە ئامانجی ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان رەوانەی پزیشکی دادوەریی لە بەغدا دەکرێن.
دوای قۆناغی ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان، سەرجەم رووفاتی ئەو قوربانیانە رادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێن بۆ ئەوەی لە رێورەسمێکدا لە گوندی کۆجۆ بەخاک بسپێردرێنەوە.
لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا، ئەمە چوارەم قۆناغە کە بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە سنووری شنگال ئەنجام بدرێت.
لە ساڵی رابردوودا، بە سێ قۆناغی تیمەکانی ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی حکوومەتی عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان، ١٧ گۆڕی بە کۆمەڵیان لە شنگال ھەڵدایە کە رووفاتی ٢٣٥ کوردی ئێزدی تیایدابوون و ناسنامەی بەشکیان ئاشکرا کراون، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، تەرمەکانیان رادەستی کەسوکارەکانیان نەکراوەتەوە.