Heman Hussein Yaseen
16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2021
ھەولێر - AA
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە "دوای ئەوەی کاتژمێر ٩:٣٠ی دوێنێ شەو ٢٠٢١/٢/١٥ ، چەند مووشەکێک بەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر کەوتن و لە ئەنجامدا لەناو فڕۆکەخانە بووە ھۆی گیانی لە دەستدانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە. لەناو شاری ھەولێریش سێ کەسی تر برینداربوون. ئەمە جیا لەوەی زیانی ماددیشی بە چەندین ماڵ و شوێنی بازرگانی گەیاندووە".
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە "دوای ئەوەی دەستبەجێ دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کرد بە ھەماھەنگیی لەگەڵ ھێزی ھاوپەیمانان، شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزییەوە کە مووشەکەکانی لێ ھاوێژراوە، ئۆتۆمبێلەکە جۆری (کیا)یە و لەڕێگەی نێوان ھەولێر و گوێڕ دۆزرایەوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو کە "ئەوەی جێگەی سەرنجە، ھەمان شێواز و تەکنیک کە لە ھێرشی پێشووی سەر فرۆکەخانەی ھەولێر بەکار ھاتبوو لە ھێرشی دوێنی شەویش دووبارە بووەتەوە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەس و لایەنانەی لە پشت ھێرشەکەوەن و خەڵکی شاری ھەولێر و ھەرێمی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە ھەموو ئەوانەی دەستیان لەم ھێرشەدا ھەیە و ئەنجامدەری ئەم تاوانەن، ئاشکرا و ریسوا دەکرێن و بە سزای خۆیان دەگەیەنرێن".