Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی ـ AA
کارگەی مافووری سلێمانی ماوەی ٢٢ ساڵە دامەزراوە و ئافرەتانی نێو کارگەکە بەردەوامن لە کاری دەستی و رستن و چنین دروستکردنی فەرش و راخەر و جاجم و شاڵ و بەرھەمەکانی تر.
ئەوان ساڵانە پێشانگای تایبەت دەکەنەوە بۆ نمایشکردنی بەرھەمە دەستییەکانی خۆیان و نیشاندانی لێھاتوویان لەو بوارەدا، لەئێستاشدا ٨٠٠ پارچە فەرش و کەلوپەلی تریان نمایش کراون بۆ فرۆشتن.
بەڕێوەبەری کارگەی مافووری سلێمانی، رزگار عەزیز لە بارەی کارگەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سەرەتای دامەزراندنی کارگەکە لە ساڵی ١٩٩٧ سەربە وەزارەتی پیشەسازی بووین، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٦ بە فەرمانێکی ئەنجوومەنی وەزیران کارگەکە خرایە سەر وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان. لە سەرەتاوە کارگەکە لە ١٢ بەش پێکھاتبوو کە ١٥٠ کارمەندی لەخۆگرتبوو، بەڵام لەئیستادا و دوای سەرھەڵدانی قەیرانی دارایی تەنھا دوو بەش ماوەتەوە کە ٥٠ کارمەند کاری تیادا دەکەن".
رزگار عەزیز گوتی: "پلان و بەرنامەمان زۆربوو بۆ کردنەوەی کارگەی تر لە ھەڵەبجە و شارەکانی تر، بەڵام بە ھۆی دۆخەکەوە نەمانتوانی ئەو پلانە جێبەجێ بکەین و زیانی گەورەی لێداین، لەئێستاشدا پێویستمان بە دانانەوەی ١٠٠ کارمەندی تر ھەیە لە کارگەکەمان".
کارگەی مافووری سلێمانی لەنێو بینای کۆنی کارگەی جگەرەی سلێمانییە، کارگەکە لەئێستادا دوو بەرھەمی ھەیە، بەرھەمێکی جۆڵاییە و ئەوی دیکەش بەرھەمی مافوورە لە بەڕە و جاجم و شاڵ و بەرھەمەکانی تر لە لایەن ئافرەتانی کارگەکەوە لە رێگەی کاری دەستییەوە بەرھەم دەھێنرێت.
بەڕێوەبەری کارگەی مافووری سلێمانی، رزگار عەزیز داوا لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات بە ھاوکاریکردنی کارەکانیان و رێگریکردن لە لەناوچوونی ئەو پیشەیە کە بە کولتووری دانیشتووانی ناوچەکەی دەزانێت.
رزگار عەزیز ھەروەھا باس لەوەش دەکات لە ماوەی رابردوودا چەندین کارگەی مافوور لە ھەرێمی کوردستان کاریان کردووە، بەڵام لەئێستادا چەند کارگەیەکی کەم ماونەتەوە و لە دەرەوەش کەلوپەلی تایبەت بە دروستکردنی بەرھەمەکانیان دەھێنن و گوتی:" پێشتر لە کۆیە کارگەیەکی لێبوو کە خووری مەڕ و ماڵاتی دەشوشتەوە، دواتر دەنێردرایە کارگەی کفری بۆ رستن و رەنگکردنی، پاشان رەوانەی کارگەکانی تری شارەکانی ھەرێم و عێراقی دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو کارگانە داخراون و ھەموو کەلوپەلەکان لە دەرەوە دەھێنین، لەگەڵ ئەوەشدا بەرھەمەکانمان کێبڕکێی بەرھەمی دەرەکی دەکات".