Zana Natık Kerem
01 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
نەینەوا ــ AA
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، جاسم محەمەد رایگەیاند كە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەشی راستی مووسڵ تا ئێستا، ٢٦ هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە بەشی راستی شارەکە ئاوارە بوون.
لە بەیاننامەیەكدا وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، جاسم محەمەد ئاماژەی بەوە داوە كە لەمیانی ١٠ رۆژی رابردوودا تا ئێستا، تیمەكانی مەیدانی وەزارەتەكەیان پێشوازیان كردووە لە ٢٦ هەزار هاووڵاتی مەدەنی كە بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە لە بەشی راستی مووسڵ ئاوارە بوون.
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق راشیگەیاندووە كە تیمەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران هاوكاری و یارمەتی مرۆیی وەك خۆراك و تەندروستییان پێشكەشی ئەو ئاوارانە كردووە كە لە كەمپەكانی، جدعە، فڕگە، حاجی عەلی لە ناحیەی گەیارە و هەروەها لە كەمپی حەمام عەلیل نیشتەجێ كراون.
جاسم محەمەد دوایین ئاماری ژمارەی ئاوارەكانی شاری مووسڵ و قەزای حەویجەی خستە ڕوو و رایگەیاند كە ژمارەی ئاوارەكانی مووسڵ و حەویجە گەیشتووەتە، ٢٥١ هەزار كەس.
لای خۆیەوە ئەندامی كۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی، ئەیاد رافد بەئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە تیمی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران یەكەم كاروانی ئاوارەكانی بەشی راستی مووسڵ كە ژمارەیان ٦٠٠ كەسە لە كەمپی ناحیەی عەلیل نیشتەجێ كرد.
ئەیاد رافد ئاماژەی بەوەشدا كە تیمی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و رێكخراوەكانی مرۆیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هاوكاری و یارمەتی مرۆیی وەك خۆراك و تەندروستی پێشكەش بەو ئاوارانە كردووە.
هاوكات ئەندامی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەهلە حوسێن بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە ژمارەی ئاوارەكان لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و هەوڵە مرۆییەكانیش كە بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری و یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەكان خراونەتە گەر، تا ئێستا زۆر باشە.
نەهلە حوسێن جەختی لەسەر گرنگی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ گەڕە كۆنتڕۆڵكراوەكانی مووسڵ کردەوە بۆ ئەوەی خێزانە ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.