Hamit Hüseyin
16 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2015
ھونەرمەندی ناسراوی كورد جوان حاجۆ لە كاتی سەردانی كردنی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ - مەخموور بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من بۆ سەردانی براكانی خۆم پێشمەرگەی كوردستان ھاتووم، پێشمەرگەی كوردستان بەرگری لە وڵات، خاك و شەرەفی ئێمە دەكات ھەروەھا لە ئێستادا پێشمەرگە وەك سیمبۆلی ئاشتی لە ھەموو جیھان ناسراوە و ئەوەیش لە كاتێكدایە كە لە درێژەی مێژوودا پێشمەرگە دەستدرێژی نەكردووەتە سەر خاك و وڵاتی ھیچ كەسێك بەڵكو ھەمیشە دوژمنانی كورد بوون كە دەستدرێژیان كردووەتە سەر خاكی ئێمە".
حاجۆ لە میانی قسەكانیدا گوتی: "ئیتر بەسە ئەو ھەموو زۆلم و نەھامەتیانەی كە بەسەر كورد دێت با پرسی كورد لە رێگەی ئاشتی چارەسەر بكرێت. من بۆ پشتگیری ساڵی چەند جارێك سەردانی برایانی پێشمەرگە دەكەم و ئەوەیش دەبێتە هۆی ئەوەی كە ورەی پێشمەرگە بەرز ببێتەوە و منیش ھێز و ورەی ھونەریم لە بەرامبەردا زیاد دەبێت".
ھونەرمەندی ناسراوی كورد جوان حاجۆ لە درێژی قسەكانیدا بۆ ئانادۆڵو لە بارەی كاری ھونەری بۆ پێشمەرگە گوتی: "پرۆژەیەكی ھونەریم ھەیە لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ پێشمەرگە بەرهەمی دەهێنم ئەم كارەش گورانی كۆنی خۆمە كە لە ساڵی ١٩٨٠ لە سەر پێشمەرگە گوتوومە و لە ئێستادا من ئەو كارە دەكەم بە ڤیدیو كلیپ".
حاجۆ لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا گوتی: "ئێمەش نەتەوەیەكین و مافمان ھەیە و داوی مافەكانی خۆمان دەكەین و ئیتر بەسە با شەڕ راگیرێت و كورد مافی پێ بدرێت ئێمە ئاشتی و دیموكراسیمان دەوێت و با پرسی ئێمە لە رێگەی ئاشتی چارەسەر بكرێت و ئەو چارەسەریەش لە دەستووری توركیا و لە پەرلەمانی توركیا چارەسەر بكرێت".
جوان حاجۆ لە كۆتاییدا گوتی: "ئیتر با مرۆڤ نەكوژرێت و حكوومەتی توركیا بە تایبەتی ئاك پارتی با بەو ٦٠ پەرلەمانتارەی ھەدەپە پرسی كورد چارەسەر بكات و ئێمەش قەبووڵی دەكەین و، من لەو باوەڕەم كە ھەدەپە ئامادی ئاشتییە و شەڕ خواز نییە".