Dilşad Seyfeddin Ahmet
21 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2016
لەم یادەدا كە ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراق و رێكخراوەكانی ژنان و چالاكوانانی بواری مافەكانی ژنان ئامادەی بوون، دوو دیبەتی تایبەت و چەند گوتارێك لەسەر ئەو بابەتە پێشكەش كران.
جێگری بەڕێوەبەری رێكخراوی ئاسودە بۆ كاروباری ژنان، رێناس جەمیل بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەمڕۆ بە هاوكاری رێكخراوی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و UN هەستاین بە سازكردنی ئەم دیبەیتە بۆ قسەكردن لەسەر رۆژی جیهانی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی سێكسی لە حاڵەتی ناكۆكی و جەنگدا كە رۆژێكی جیهانییە و لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دەستنیشان كراوە و ساڵانە لە 19ی حوزەیراندا یاد دەكرێتەوە".
رێناس گوتی: "ئەمڕۆ قسە دەكەین لەسەر یادەكە و راپۆرتی رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و رۆڵیان لە ناساندنی توندوتیژی سێكسی بەتایبەت ئەو پرسەی ئێزیدییەكان كە لەجیهاندا قسەی لەسەر دەكرێت، هەروەها رۆڵیان لە داهاتوودا بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی سێكسی".
لەلای خۆیەوە ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، پەخشان زەنگەنە بە ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە بەرامبەر كچان كران لە رادەیەكی مەترسیداردایە و چیرۆكی كچان و ژنانی ئێزدی جیهانی تووشی شۆك كرد، ئەوەیش كاریگەری قووڵی دەبێت لەسەر كۆمەڵگەی ناوخۆیی و ناوچەكە و كوردستان و دەرەوەش".
زەنگەنە گوتی: "ژمارەی ئەو كەسانەی کە لەلایەن داعشەوە گیراون زیاتر لە سێ هەزار كچ و ژن بوون و دوای هەوڵە بەردەوامەكان بۆ رزگاركردنیان كە زۆر پەرتەوازە كراون لە نێوان سووریا و عێراقدا تائێستا زیاتر لە هەزار كەسیان رزگار كراون".
بەرپرسەكەی خانمانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەیش كرد، بەهۆی ئاڵۆزییەكان و دۆخی ناوچەكەوە ئاستی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و لە ناو خانەوادەكانیشدا بەشێوەیەكی گشتی روو لە هەڵكشانە.
سەركەوت عومەر بەڕێوەبەری بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی لە دیبەیتەكەدا رایگەیاند "لە دوای ساڵی 2014 و هاتنی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان ئەوكات هەرێم رووبەڕووی فشارێكی تازە بویەوە بە پێشوازی و مامەڵەكردن لەگەڵ ئاوارەكان كەسەرەتا زۆر قورس بوو بۆ ئیشكردن لەگەڵ ئەوان، دواتر هاتنی ئێزدییەكان و ئەو دەستدرێژییانەی كرایە سەر كچانی ئێزدی گوشارێكی تر بوو لەسەر دامودەزگاكانی حكوومەت كە چۆن پێشوازی لەو حاڵەتانە بكەن".
ئەو بەڕێوەبەرەی تایبەت بە توندوتیژی ژنان لە بارەی دەنگۆی زیادبوونی دەستدرێژی سێكسی لە دوای هاتنی ئاوارەكانەوە بۆ شارەكانی هەرێم قسەی كرد و گوتی: "دوای دروستكردنی كەمپەكان باس لە دیاردەی دەستدرێژی سێكسی دەكرێت، بۆیە لەلایەن رێكخراوی UNDP بڕیاردرا بە دروستكردنی تیمی تایبەت لەو كەمپانە بۆ حكوومەت، ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژی ژنان توانیمان دوو تیم دروست بكەین لە كەمپی عەربەت و باریكە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو كچانەی لەلایەن داعشەوە گیرا بوون و بەدواداچوونی دەنگۆكانی دەستدرێژی سێكسی".