Dlshad Saifaalddin Ahmed
27 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی ـ AA
كەمپی ئاشتی لە شارۆچكەی عەربەت رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی تایبەتە بە ئاوارەكانی پارێزگای سەڵاحەددین كە لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و داگیركردنی ناوچەكانیان، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و ئاوارەی پارێزگای سلێمانی بوون.
كەمپەكە دوو هەزار و 373 خێزانی ئاوارەی ئەو ناوچانە لەخۆ دەگرێت، ئەوەی دەبینرێت زۆربەی ئەو خێزانانە ژمارەیەكی زۆر منداڵیان هەیە و ژمارەیەك لە پیاوەكانی كەمپەكەش زیاتر لە خێزانێكیان هەیە.
بەڕێوەبەری كەمپەكە، تاریق ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە كۆی دوو هەزار و 373 خێزانی ئاوارەی عەرەبی نیشتەجێی كەمپەكە، 11 هەزار و 500 منداڵیان هەیە".
عارف حەمید خەڵەف لەدایكبووی ساڵی 1969 قەزای یەسریبە لە پارێزگای سەڵاحەددین، ئەو دەرچووی سێی ناوەندییە و لە ساڵی 2014 ەوە ئاوارەی پارێزگای سلێمانی بووە و لە كەمپی ئاشتی نیشتەجێ بووە.
عارف حەمید لە بارەی ژیانی تایبەتی خۆیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا پێش ئەوەی ئاوارە بین سێ ژنم هێناوە، 11 كوڕ و 11 كچم هەیە و هەشتیان هاوسەرگیرییان كردووە و ئێستا 52 نەوەم هەیە و هەموومان پێكەوە لەم كەمپە دەژین".
عارف كە لە ناوەڕاستی خێزانەكانی و منداڵەكانی لەژێر چادرێكی نێو كەمپەكە دانیشتبوو، باسی لەوە كرد لە ژیانی خێزانی خۆی ئاسوودەیە و هەوڵ دەدات بەبێ جیاوازی و بە شێوەیەكی یەكسان مامەڵە لەگەڵ خێزانەكانیدا بكات.
ئەو باسی لە چۆنێتی ئاوارەبوون و گەشیتنیان بە شاری سلێمانی كرد و گوتی: "دوای گەیشتنی چەكدارانی داعش بە ناوچەكانمان لە قەزای یەسریب ئێمە لە ماڵەكانی خۆمان ماینەوە، بەڵام لە لایەن داعش و هێزە ئەمنییەكانیشەوە كە بۆردومانی داعشیان دەكرد بۆردومانێكی چڕمان لەسەر بوو، دوای بڕیاری سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بۆ جێهێشتنی ناوچەكە بە كۆمەڵ لە رووباری دیجلە پەڕینەوە و ئاوارەی پارێزگای سلێمانی بووین".
ئەوان كە ماوەی چەند ساڵێكە ناوچەكانیان لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە كۆنترۆڵكراوەتەوە و مەترسی داعش لەسەر ناوچەكانیان نەماوە، بەڵام تا ئێستا رێگری دەكرێت لە گەڕانەوەیان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەش هێندەی تر ئەوانی نیگەران كردووە و داوا لە حكوومەتی عێراقی دەكەن كارئاسانی بۆ گەڕانەوەیان بكات.
ژیانی عارف و خێزانەكانی وەك هەر خێزانێكی تری ئاوارەی كەمپەكەیە و بژێوی سێ خێزان لەسەر مووچەی فەرمانبەرییەكەیەتی كە لە حكوومەتی عێراقییەوە تائێستاش وەری دەگرێت.
عارف دەڵێت "داهاتوومان نییە و نازانین بیر لە چی بكەینەوە بۆ داهاتوو لە كاتێكدا نە ماڵمان هەیە و نە خانوو ئۆتۆمبێل، ئێمە وەك ئاوارەیەك دەبێت چ داهاتوویەكمان هەبێت، داهاتووی ئێمە لە شوێنی خۆمانە كە چۆن پڕۆژەیەك بنیات بنێین، ئێستا تەنها بیر لەوە دەكەینەوە منداڵەكانمان داهاتوویەكیان هەبێت و خوێندن تەواو بكەن".