Hawkar Yaseen
10 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2022
سلێمانی - AA
مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە گەڕەکی بەکرەجۆ لە شاری سلێمانی تەرمی ژنێک بە کوژراوی دۆزرایەوە، ئەمە چیرۆکی گۆڕستانی ژنە بێ ناونیشانەکانی سلێمانی لای جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی زیندوو کردەوە کە ٢٥ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ لە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان بڕیاریدابوو چیتر کەس لەو گۆڕستانە بەبێ شوناس و ناونیشان نەنێژرێت و ناوی ژیانیشی خستە سەر کێلی گۆڕی ئەو ژنە کوژراوانەی پێشتر بەتۆمەتی جۆراوجۆر کوژرابوون و لەوێ نێژرابوون.
ژنە کوژراوەکەی گەڕەکی بەکرەجۆی سلێمانی ناوی (د.ت.ع) بوو پاش دۆزینەوەی تەرمەکەی جێگری سەرۆکوەزیران بڕیاری دا بەخاک نەسپێردرێت تاوەکو ناو و ناونیشانی تەواوی دەدۆزرێتەوە بۆئەوەی کۆتایی بەو نەریتە بهێندرێت کە جگە لە لێسەندنەوەی ژیان لەو ژنانە ناو و ناسنامەشیان لی دەسەندنەوە.
بۆیە ٥٤ رۆژ تەرمەکە لە بەفرگردا لە پزیشکی دادیی هێڵرایەوە و دوای دۆزینەوەی ناو و ناونیشانی تەواوی لە مەراسیمێکدا کە نووسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆکوەزیران رێکی خستبوو لە هەمان ئەو گۆرستانەی کە پێشتر بە گۆڕستانی بێ ناونیشانەکان ناسرابوو بەخاکسپێردرا.
ئاشتی عەبدوڵڵا، بەرپرسی بەشی جێندەر لە نووسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "پێشتر ناشتنی هەر ژنێک کە قوربانی بیری ژن کوژی و پیاوسالاری بوو دەبرایە پزیشکی دادیی و لەڕێگای دامودەزگاکانی دیکەوە بەنهێنی و زۆرکات لە شەودا بەخاک دەسپێردرا، نەک تەنیا ناسنامەی نەبوو بەڵکو ئازارەکە لەوەدابوو کە ژمارەیەکیان دەدا بەم مرۆڤە و گۆڕەکەی لەڕێگای ژمارەیەکەوە دەناسرایەوە، بۆیە گۆڕستانێک دروستبوو بەناوی گۆرستانی ژنە بێ ناونیشانەکان کە خۆی لە راستیدا تەنیا ژنانی لی نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک کەسی دیکەی لێیە کە بەشێکیان خەڵکی ئەم وڵاتە نین و بەشێکیشیان منداڵن، هەروەها لەکاتی شەڕی ئێران-عێراق و شەڕەکانی دیکەش ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەوە پارچەیەکی جەستەیان لەدەستدەدا لەم گۆڕستانە دەنێژرا، بەڵام حاڵەتی ئەو ژنانەی لەم گۆڕستانە دەنێژران ئەوەندە زەق بووەوە کە ناونرا گۆڕستانی ژنە بێ ناونیشانەکان".
ئاشتی عەبدوڵڵا گوتیشی: "لێرە بەدوا بەبڕیاری جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەم ناونیشانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت لە گۆڕستانێکەوە کە بێ ناونیشان بوو ناسنامەیان پێ بەخشرایەوە، ئەم ژنەش کە لەم مەراسیمەدا بەخاک سپێردرا یەکەم حاڵەت بوو لە هەرێمی کوردستان کە ژنێکی قوربانی ئەو بیرە دواکەوتووە بوو، ناسنامەکەی دۆزرایەوە لەڕێگای دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشەوە و بەبڕیاری دادوەر بڕیاری دەرکرد کە بنێژرێت و نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران مەراسیمێکی تایبەتی رێکخست و وەک هەر مرۆڤێکی دیکە بەپێی دابونەریتە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان بەخاکسپێردرا بەناو و ناسنامەی خۆیەوە".
دەربارەی ئەوەی ئەم بڕیارەی جێگری سەرۆکوەزیران تەنیا بۆ گۆڕستانەکەی سلێمانی-یە یان بۆ لەمەودوا لە هەموو هەرێمی کوردستان کەس بەبی ناونیشان نانێژرێت، بەرپرسی بەشی جێندەر لە نووسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاند "ئەمە بڕیارێکی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی-یە کە ئیتر شوناس و پێناسەی راستەقینەی خۆیان بدرێت بەو ژنە قوربانییانەی دەکوژرێن، ئەم بڕیارە بۆ هەموو هەرێمی کوردستانە ئێستا رێکارە یاسایی و ئیدارییەکانی خۆی بڕیوە و لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانە و بەم نزیکانە گشتاندنی بۆ دەکرێت بۆ سەرجەم دامودەزگا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و یەکە ئیدارییەکان".
نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رەوایەتیدان بە بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی دوو لایەن دەکەنە پاڵپشتی جێبەجێکردنی، ئاشتی عەبدوڵڵا دەربارەی ئەو ئامانجانەی ئەم بڕیارە دەتوانێت بیپێکێت گوتی: "ئەم بڕیارە بۆخۆی دوو رەهەندی هەیە، رەهەندی یەکەمیان ئەوەیە کە ناسنامە دەبەخشیتەوە بە ژنێک کە مافی هەموو مرۆڤێکە دوای مردنی بە ناو و ناسنامەی خۆی بنێژرێت، رەهەندی دووەمیشیان ئەوەیە کە رەنگە گرنگتربێت لە ناسنامە بەخشینەکە کارکردنە لەسەر ئەو ئەقڵیەت و بیری ژن کوژییە و ئەو بیرە دەشڵەژێنێت، ئەمە دەتوانێت ترسێک بخاتە دڵی ژن کوژەکانەوە کە پێی دەڵێیت لەم هەرێمە ئیتر هێزێک هەیە رووبەڕووت دەبێتەوە و رێگەت پێنادات ژن بکوژیت، ئەگەر هەر دەستیشیان تێیچوو رێگە نادرێت ناسنامەکەی ونبکرێت".
10.02.2022 کێڵە بێ ناونیشانەکان ناویان لەسەر دەنووسرێت
- "گۆڕستانی ژنە بێ ناونیشانەکان لە سلێمانی ساڵانێکە تایبەت کراوە بەو ژنانەی کە بەپاساوی جۆراوجۆر دەکوژرێن و کەسوکاریان ئامادەنین خاوەندارێتیان بگرنەوە ئەستۆ".
گوتیشی: "ئەوان کە ژنێک بەپاساوی شەرەف دەکوژن مەبەستیان ئەوەیە ناو و ناسنامەی بسڕنەوە و ونی بکەن، بەڵام کاتێک رووبەڕووی دەبیتەوە کە نێژرا ناوی ژنەکە و پاشناوەکەی دانرا واتا ناوی باوک و باپیری، ئەم پاشناوە پێتدەڵێت بکوژەکان کێن، ئەگەر لە خێزانەکەی بێت ئەوا ناویان نووسراوە ئەگەر کەسێکی دیکەیە و خێزانەکەی خۆی لێ بێبەری کردووە لەمەشدا خێزانەکەی هەر بەشداری ئەو تاوانەن و ناویان نووسراوە لە گۆڕەکە و بەمەش ئەو ئەقڵیەتە دەخەیتە بەرچاوی کۆمەڵگا کە ئەمانەن بەشدارن لە ژن کوشتن".
سەرباری دەیان هەوڵی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە کوشتنی ژنان بە پاساوی جۆراوجۆر، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ژن کوشتن بنەبڕ بکرێت، دەربارەی ئاماری ژنە کوژراوەکانی ساڵی ٢٠٢١ و دەستگیرکردنی تۆمەتباران ئاشتی عەبدوڵا رایگەیاند "ئەگەر تەنیا سنووری پارێزگای سلێمانی بەنموونە وەربگرین لە ساڵی رابردوودا، ١٠ حاڵەتی ژن کوشتن تۆمارکراوە لای دامودەزگا فەرمییەکان و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، لەم ١٠ حاڵەتە تا ئێستا شەش تاوانبار کە بکوژی ژنەکان بوون دەستگیرکراون و چواریان ماوە دەستگیربکرێن و هێزە ئەمنییەکان بەدوایاندا دەگەڕێن و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن".
گۆڕستانی ژنە بێ ناونیشانەکانی سلێمانی دەکەوێتە نێو بەشێکی گۆڕستانی سەیوانەوە کە یەکێکە لە ناسراوترین گۆڕستانەکانی شارەکە، بەپێی داتای لایەنە فەرمییەکانی سلێمانی لەو بەشەی بە گۆڕستانی ژنە بێ ناونیشانەکان ناسراوە زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ گۆڕی تێدایە کە مێژووی هەندێکیان دەیان ساڵ بەر لەئێستایە، بەڵام لەنێو ئەو ژمارە گۆڕەدا بەشێکیان ئەو ژنانەن کە بەتۆمەتی جۆراوجۆر کوژراون ئەوانی دیکە خەڵکی بیانین و لەو گۆڕستانە بەخاک سپێردراون.