Hamza mansur
18 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2016
سەرۆكی لیژنەی گەشتوگوزار و شوێنەوار لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەلی مالكی، پێداگیری لیژنەی ناوبراوی نیشان دا لەوەی شارە سەراوكەوتووەكانی زۆنگاوەكان بكرێنە شوێنی گەشتیاری. هاوكات بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای زیقار دووپاتی دەكاتەوە، زۆنگاوەكان لەو پارێزگایە سیستەمێكی ژینگەی تەواویان هەیە كە بۆ گەشتیاری گونجاون.
مالكی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ئەوەی رێكخراوی یونیسكۆی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان، زۆنگاوەكانی عێراقی خستە ناو لیستی شوێنەوارەكانی جیهانەوە، حكوومەتی عێراق ناچار دەبێت پارێزگاری لەو زۆنگاوانە بكات و ئاوی پێویست بۆ ئەو زەنگاوانە دابین بكات".
ئەندامەكەی لیژنەی گەشتوگوزار روونی كردەوە، ژیانەوەی زۆنگاوەكان پێویستی بە رێژەیەكی گونجاو لە ئاوی سروشتی هەیە.
لای خۆیەوە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، پابەند دەبێت بە بەردانەوەی ئاوی پێویست بۆ زۆنگاوەكان و بۆ ئەم مەبەستەیش فشار دەخاتە سەر وڵاتانی دەورووبەری عێراق.
مالكی گوتیشی: "زۆنگاوەكان ناوچەیەكی گەشتیاری پلە یەكن لە عێراق و لیژنەی گەشتوگوزاری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەوڵی دەدات لە رێگەی تێپەڕاندنی یاساكان، حكوومەت ناچار بكەن ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەران بكەن بۆ ئەوەی بتوانن شارە سەراوكەتووەكانی زۆنگاوەكان بكەنە ناوچەیەكی گەشتیاری".
گوتیشی: "با وەبەرهێنەران دڵنیا بن لەوەی كە بێنە عێراق، چونكە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە كە پابەندە بە بەردانەوەی ئاو بۆ ناو زۆنگاوەكان".
بەڕێوەبەری ژینگە لە پارێزگای زیقار، موحسن عەزیز رایگەیاند كە زۆنگاوەكان نیشتمانی 40 جۆرە باڵندەیە كە 12یان دەگمەنن. دووپاتشی كردەوە كە زۆنگاوەكانی عێراق، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئاسیا بە گەورەترین رووبەڕی ئاوی دادەنرێت.
عەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "حكوومەتی عێراق و حكوومەتی خۆجێی زیقار ناچار دەبن، بەوەی دووبارە خۆشگوزەرانی و ژیانی سروشتی بۆ زۆنگاوەكان بگێڕنەوە".
بەڕێوەبەرەكە ئاماژەی بەوەدا كە زۆنگاوەكان خاوەنی ژینگەی تەواون لە رووی بەخێوكردنی ماسی و هەروەها ئەو زۆنگاوانە نیشتمانی 40 جۆری باڵندەن كە 12 جۆریان لەو باڵندانەن كە هەڕەشەی لەناو چوونیان لەسەرە و لە وەرزی زستاندا لە رووسیا و سیبیریاوە دێنە زۆنگاوەكانی عێراق.
ناوبراو روونی كردەوە رێكخراوی یونیسكۆ، چوار شوێنی ئاوی و سێ ناوچەی شوێنەواری لە عێراق خستووەتە ناو لیستی شوێنەوارەكانی جیهانیەوە، لەوانەیش زۆنگاوەكان كە بە گەورەترین رووبەری ئاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای ئاسیا دادەنرێن.
موحسن عەزیز هەروەها ریگەیاند كە بوونی خانوو لەشارە سەراوكەوتووەكانی زۆنگاوەكان شوێنێكی دەگمەنە لە عێراق كە درێژكراوی شارستانیەتی سومەرییە، گوتیشی: "زۆنگاوەكان دەبنە قیبلەی زانایان و شوێنەوارناسان لە هەموو جیهان".
ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە، رێكخراوی یونیسكۆ لە كۆبوونەوەیەكدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، زۆنگاوەكان و سێ ناوچەی شوێنەواری لە عێراق خستە ناو لیستی شوێنەواری جیهانییەوە.
ئەو كۆبوونەوەیەی رێكخراوی یونیسكۆ كە 40مین كۆبوونەوەی رێكخراوەكە بوو لە شاری ئیستانبۆڵ بەرێوەچوو تێدا نوێنەرانی "عێراق، توركیا، كوێت، لوبنان، فنلەندا، فەڕەنسا، پورتوگال، كرواتیا، كۆریای باشوور، ئێران، ئێندۆنیزیا، كازاخستان، تەنزانیا، ڤێتنام و ژاپۆن"، تێدا بەشدار بوون.زۆنگاوەكان و ناوچە شوێنەوارەكانی عێراق كە لەلایەن یونیسكۆوە خراوەنەتە ناو لیستی شوێنەواری جیهانییەوە، ئەم شوێنەوار و زۆنگاوانەن، "شاری ئور لە زیقار، شاری وەركا لە موسەننا، شاری ئەریدۆ لە زیقار، زۆنگاوی ئەلحویزە لە میسان، زۆنگاوەكانی ناوەڕاست لە زیقار و میسان، زۆنگاوی حەمماڕی رۆژهەڵات لە بەسڕە، زۆنگاوی حەمماڕی رۆژئاوا لە زیقارە".