Zana Natık Kerem
25 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە ھەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمەوە، گرنگییەکی زۆریان بە بابەتی بەھێزکردنی سیستەمی بانکی، بزنسە بچووک و مامناوەندەکان داوە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بتوانن کەشێکی لەباری بازرگانی دەستەبەر بکەن، پەرە بە پلانەکانیان لە بواری ھەمەجۆرکردنی ئابووریی و سەرچاوەکانی داھات بدەن.
ئەم قسەیەی مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا ھات کە ئەمڕۆ لە میانی ڕایگەیاندنی پڕۆژی (گەشانەوە) لە ھەولێر پێشکەشی کرد.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە گرنگی پڕۆژەکە کرد و ڕایگەیاند: "خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ پرۆژەیەکی گرنگی حکوومەتی ھەرێم ڕادەگەیەنین کە ئەوەیش پرۆژەی (گەشانەوە)یە و بریتییە لە دابینکردنی قەرزی بازرگانی بۆ بزنسە بچووک و مامناوەندەکانی ھەرێم، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت کارەکانیان گەشە پێ بدەن لە ڕێگەی قەرزی بانکییەوە کە لە ڕێگەی بانکەکانی کەرتی تایبەتەوە پێیان دەدرێت".
مەسرور بارزانی باسی لەوەیش کە پرۆژەی (گەشانەوە) بەشێکە لە پلان و کارنامەی حکوومەت بۆ گەشەپێدانی بازرگانی و ھاوکاریکردنی کەرتی تایبەت و گوتی: "بێگومان لە ساڵانی ڕابردوودا، ھەردوو کەرتی گشتیی و تایبەت تەواوکەری یەکتر بوون و بەیەکەوە ھاوکار و ھەماھەنگ بوون لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووریی ھەرێم".
پرۆژەی (گەشانەوە) لە لایەن وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی ھەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە لە میانیدا قەرز بە بڕی تا ١٥٠ ملیۆن دینار دەدات بەو بزنس و خاوەنکارانەی کە خوازیارن کارەکانیان فراوان بکەن، ئێستا خاوەنکاران دەتوانن لە ڕێگەی پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە ڕێنماییەکانی داواکردنی قەرز ببینن و بۆ ئەو مەبەستە داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.
ئەمەیش یەکەمجارە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڕێکخراوی کارساز و بانکی تایبەت و بە شێوازی سەردەمییانە قەرز بدات بە خاوەن کارەکان بۆ فراوانکردنی کارەکانیان، ھەروەھا یەکەمجاریشە بەھێزیی کۆمپانیاکان دەبێتە پێوەر بۆ وەرگرتنی قەرز بەبێ داواکردنی ھیچ رەھندێک کە ئەمەش ھەوڵێکی جددییە بۆ گەشەپێدانی کەرتی تایبەت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەیشدا کە بەھێزیی کەرتی تایبەت لە ھەر وڵات و کۆمەڵگەیەکدا، بنەما و مەرجێکی سەرەکیی بەھێزیی ئابوورییە، یەکێک لە کۆڵەگە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کەرتی تایبەتیش، ھەبوونی سیستەمێکی بانکیی بەھێز و کارایە کە ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەکات و گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان، بەپێی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان، بزنسی بچووک و مامناوەند زیاتر لە سەدای ٥٠ی جموجۆڵ و چالاکیی بازرگانی و ھێزی کاری کەرتی تایبەت پێک دەھێنێت، لە ھەمان کاتدا یەکێک لە گرفت و بەربەرستە سەرەکییەکانی بەردەم کاری بازرگانی لە ھەرێم، بریتییە لە نەبوون و دەست نەگەیشتن بە پاڵپشتیی دارایی کە خاوەنکارانی کوردستان بەھۆی نەبوونی پاڵپشتیی داراییەوە ، نەیانتوانیوە بزنسەکەیان فراوان بکەن".
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، ھەبوونی سیستەمێکی بانکیی ھاوچەرخ، ھاوکار و یارمەتیدەرێکی بەھێزی بزنسەکان، خزمەتگوزاریی دارایی و کارئاسانییەکی زۆریان پێشکەش دەکات و گوتی: "ئێمە ھەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، گرنگییەکی زۆرمان بە بابەتی بەھێزکردنی سیستەمی بانکی، بزنسە بچووک و مامناوەندەکانی ھەرێمی کوردستان داوە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بتوانین کەشێکی لەباری بازرگانی دەستەبەر بکەین، پەرە بە پلانەکانمان لە بواری ھەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داھات بدەین".
بارزانی بەشێکی قسەکانی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا تەرخان کرد و گوتی: "لە سەردانم دا بۆ بەغدا ،پێش چەند ڕۆژێک، بەڕێزێک پرسیارێکی لێکردم گوتی 'ئێوە پابەندن بە عێراق؟، منیش گوتم لەسەر ڕەفتاری ئێوە دەمێنێتەوە، پابەندبوون یان وەلاء بۆ وڵاتێک بە ترساندن و تۆقاندن بە سیاسەتی رق و کینە و نادادپەروەری بە برسیکردن دروست نابێت، پێویستە پابەندی یان وەلاء بۆ وڵات لەسەر بنچینەی ئەوە بێت کە یەکسانی و دادپەروەری و خۆشەویستی ببن بە بنەمای بەیەکەوەژیان لە وڵاتێکدا، ئێمە داکۆکی لەسەر ئەو بنەمایە دەکەینەوە کە پیویستە ھەموو گەلانی عێراق پێکەوە یەکسان بن و دادپەروەری بەرقرار بێت، سیاسەتی گەشەکردن یان پێشکەوتنی ناوچەیەک لە ناوچەیەکی دیکە بە سەرکەوتن حیساب بکرێت بە ھیچ شێوەیەک نەکەوینە ململانێ دژی یەکتر".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم گوتیشی: "ئێستا کەشێکی ئەرێنی دروستبووە، ئێمە دەمانەوێت بەیەکەوە لەگەڵ ھەموو ئەو بەڕێزانەی کە بڕوایان بە ئاشتیی، دیموکراسیەت، ئازادی و پێشکەوتن ھەیە بتوانین وڵاتێکی خۆشتر و ئاوەدانتر بونیاد بنێین".