Mazın Asad,Sarmand Hameed
19 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2016
حەسەکە
بەھۆی شەڕوپێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی رژێمی ئەسەد و چەکدارانی پەیەدە لە شاری حەسەکەی باکووری رۆژھەڵاتی سووریا، دەیان چەکداری پەیەدە و ١٦ ھاووڵاتی سڤیل کوژران.
ماوەی ھەفتەیەکە شەڕوپێکدادان لە شاری حەسەکەی سنووری تورکیا بەردەوامە و ھێزەکانی رژێم تێدا فڕۆکە جەنگییەکان و یەکەی تۆپھاوێژەکان بەکار دەھێنێت.
لە ئاکامی بۆردوومانکردنی بنکەی پەیەدە لە گەڕەکی نیشوا و خاڵی کۆنترۆڵی سەباغ لە باکووری حەسەکە و گەڕەکی ئەلزھوری باشووری حەسەکە، زیاتر لە ٢٠ چەکداری پەیەدە کوژران.
ھاوکات ھێزەکانی رژێمی سووریا ھێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی ویلات، دولاب ئاڤیس، ساڵحیە و ئەلموفتی سەر بە حەسەکە کە یەکەی نیشتەجێ ھاووڵاتیانی لێیە و لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی پەیەدەیە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە نەخۆشخانەی ناوەندی حەسەکە دەستی کەوتووە، بەھۆی بۆردوومانەکانەوە ١٦ ھاووڵاتی سڤیل کوژران و ٣٤ کەسیش بریندار بوون.
لە بەرامبەردا ھێزەکانی پەیەدە لە گەڕەکی گوڤەیران و ناوەندی شارەکە بۆ ھاوەن و چەکی سووک ھێرشیان کردە سەر بنکەکانی رژێم.
لە شەڕوپێکدادانەکانی دوێنێ بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەیەدە، پێنج ھاووڵاتی سڤیل و چەکدارێک کوژرابوون.
لە مانگی ئازاری ساڵی٢٠١١ـەوە، لەوەتەی شەڕی ناوخۆیی سووریا سەریھەڵداوە تا ئێستا چەند جارێک شەڕ و پێکدادان لەنێوان رژێم و ھێزەکانی پەیەدەدا لە باکووری حەلەب، ناوچەی شێخ مەقسودی ژێر دەسەڵاتی پەیەدە، کێڵگەکانی نەوت و خاڵەکانی پشکنین لە حەسەکە روویانداوە، بەڵام ھێزەکانی رژێم دوێنێ و ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار فڕۆکەی جەنگی و ھاوەنی دژی پەیەدە لە شارەکە بەکارھێناوە.
جێگەی باسە رژێمی ئەسەد و پەیەدە، پێکەوە پارێزگای حەسەکە و شارۆچکەی قامیشلۆ بەڕێوە دەبەن. لەکاتێکدا پەیەدە باج بە رژێم دەدات، ئەویش لەبەرامبەردا بەردەوامیی بە کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت لەو ناوچانە دەدات. بەو پێیەش کارمەندانی سەر بە رژێم ھاوشێوەی ساڵانی پێش ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بەردەوامن لەسەر کارەکانیان. ھەروەھا ئەو باجەی لە ژمارەیەک دووکان و شوێنی کار لە حەسەکە وەردەگیرێت، لەنێوان ھەردوولادا دابەش دەکرێت. زۆرکات ھێزە ئەمنییەکانی رژێم و چەکدارانی پەیەدە پێکەوە بەناو شاردا دەگەڕێن. کێڵگەی نەوتی رومێلان لە باکووری حەسەکە، لەلایەن ھەردوولاوە دەپاریزرێت و بەشێکی نەوتەکەی دەدرێتە رژێم.