Mazın Asad
17 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2016
ئەرزینجان
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بیناڵی یڵدرم گوتی: "ھێزەکانی ئەمنیمان گشت شوێنەکانی رێکخراوی تیرۆریستیان بە تایبەتی لە رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵاتی وڵاتەکەمان دیاری کردووە و لەوبارەیەوە کاری پێویست ئەنجام دەدەن. ئۆپەراسیۆنەکان تاکو تەواوی شانە ناپاکانە لەناو دەبردرێت، بەردەوام دەبێت".
یڵدرم دوای سەردانەکەی بۆ شاری ئاگری، گەیشتە فڕۆکەخانەی ئەرزینجان و لەلایەن پارێزگاری شارەکە عەلی ئارسڵانتاش و بەرپرسانی دیکە پێشوازی لێکرا و ماوەیەکیش لەگەڵ ھاووڵاتیان گفتوگۆی کرد.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە بەردەم بینای پارێزگای ئەرزینجان لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەنجامی ھێرشێک بۆ سەر گوندپارێزانی کاتی و سەربازان لە ناوچەی نێوان ئاگری و تەندورەک، ھەشت گوندپارێز و دوو سەرباز شەھید بوون و راشیگەیاند دوێنی بەشداری لە پرسەی سەربازان لە ئەرزینجان کرد و ئەمڕۆش بۆ پرسەی ھەشت گوندپارێز سەردانی سێ گوندی لە ئاگری کردووە.
یڵدرم روونیشی کردەوە کە ھیچ گۆڕانکارییەک لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەکراوە و بەرەنگاربوونەوەکە بە پێداگری درێژەی دەبێت و گوتیشی: "ھەروەک پێشتر روونمان کردووەتەوە ئێمە لە بەرگریکردن نین، بەڵکو لە ئامادەباشیداین. ھێزەکانی ئەمنیمان گشت شوێنەکانی رێکخراوی تیرۆریستیان بە تایبەتی لە رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵاتی وڵاتەکەمان دیاری کردووە و لەوبارەیەوە کاری پێویست ئەنجام دەدەن. ئۆپەراسیۆنەکان تاکو تەواوی شانە ناپاکانە لەناو دەبردرێت، بەردەوام دەبێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە درێژەدا گوتیشی: "ئەمڕۆ لە چاو دوێنێ یەکێتی، برایەتی و یەکڕیزی تورکیا لە ئاستێکی بەرزتردایە و ئەمڕۆ ئەمەمان لە ئاگری بینی. سەردانی گوندەکانی ئاگریم کرد. ھاووڵاتیان نایانەوێت لەگەڵ تیرۆر بژین. پێیانوایە رێکخراوی تیرۆریستی زیان بە یەکێتی، یەکڕیزی و برایەتیمان دەگەیەنێت و دەیانەوێت ھەر چییەک پێویست بێت تا کۆتایی ئەنجام بدرێت. لە پێناو دوارۆژی وڵات و منداڵانمان ئەمە پێشھاتێکی گرنگە. کۆبوونەوەی ٧٩ ملیۆن لە ژێر یەک نیشتمان، یەک گەل و یەک وڵات، بێگومان دەرفەتێکی باشە بۆ لەناوبردنی رووداوە تیرۆریستییەکان. بۆ ئەوەی بە گەشەسەندن و فراوان و ئاسوودەیی شاد بینەوە ھەر چی پێویست بێت دەیکەین".
یڵدرم دەستپێکردنی بەرنامەی بوژانەوەی ٢٣ شار لە ناوچەکانی رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵات وەبیرھێنایەوە کە شاری ئەرزینجانیشی تێدایە و ھەروەھا گوتیشی: "ئەم بەرنامەیە بە ناوی قۆناغی وەبەرھێنان و پشتگیری دەستی پێکردووە کە لە ٢٣ شاری پێکدێت و بۆ پێنج ناوچەی بریقەدار دابەش بووە. یەکێک لەوانە ھەروەک شاری قارسە ئەوانی دیکەش لە شارەکانی ئاگری، ئاردەھان، ئیدر، ئەرزەڕۆم، گوموشھانە، بایبورت، ئەرزینجان و لە باشووریش وان، دیاربەکر و ئورفا و ماردین پێکدێت. لە ماوەی چوار ساڵدا وەبەرھێنانی ژێرخانی زۆر جددی لەم شوێنانە دەکرێت. ھاوکات لە ماوەی ١٠ ساڵدا ھەم وەک کەرتی تایبەتی و ھەمیش وەک دەوڵەت بە وەبەرھێنانی کارگە، بەرھەمھێنان و بازرگانییەوە، ناوچەکە دەکرێتە ناوەندێکی بریقەدار. بۆیە لە لایەکەوە نیگەرانی تیرۆر نامێنێت و لە لایەکی دیکەوە ھەنگاوی گەشەپێدان بەشێوەیەکی خێرا ئەنجام دەدرێت".