Mazın Asad
21 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاشتۆن کارتەر رایگەیاند لەبارەی بەشداریکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ، لە پرەنسیبدا رێککەوتوون.
کارتەر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیران بیناڵی یڵدرم و وەزیری بەرگری فیکری ئشک، لە روونکردنەوەیەکی بۆ رۆژنامەوانان، رایگەیاند لەبارەی بەشداریکردنی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ، لە پرەنسیبدا رێککەوتوون.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە تورکیا رۆڵی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لەدەست داعش ھەبێت، بەڵام دەبێت ئیدارەی عێراق مۆڵەتی پێ بدات و روونیشی کردەوە کە تورکیا رۆلێکی مێژوویی لە ناوچەکە ھەیە و بەو ھۆیەوە پێویستە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا و عێراق رۆڵی ھەبێت.
کارتەر جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا خاوەن توانایەکی بەھێزە لە شەڕ و گوتیشی: "عێراق ئاگادارە کە تورکیا ئەندامێکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە و پێویستە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش رۆڵی ھەبێت. ھاوکات بەھۆی ئەوەی تورکیا دراوسێیە لەگەڵ موسڵ، پەیوەندی بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە ھەیە".