Salih Bilici,Abdullah Shukur
28 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2019
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "ئەجێندای کەسیی ھیچ کەس ناتوانێت بەر بە ئەرکی ئاک پارتی بگرێت کە ئیدی قەدەری لەگەڵ تورکیا و وڵاتەکەماندا بووەتە یەک".
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە دانیشتنی کۆتایی ٢٨ەمین کۆبوونەوەی راوێژکاری و ھەڵسەنگاندنی پارتەکەی لە شارۆچکەی قزلجیحەمامی سەر بە ئەنقەرە کرد.
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان رایگەیاند: "لە دەرەوە بە پەلاماری ئابووریی و سیاسیی بۆسەر وڵاتەکەمان و لە ناوخۆشەوە بە چاندنی تۆوی ئاژاوە ناتوانن لە رۆژەڤی راستەقینە دامانبڕن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی خزمەتکردنی گەل گوتی: "ئەرکی ئێمەیە وەک بەرپرسانی وڵاتەکەمان و پارتەکەمان، لەگەڵ ئەوانە بەردەوامبین ھەرکەسێک کە باشترین خزمەت پێشکەش بە گەل بکات".
ئەردۆغان گوتیشی: "ھۆکاری ئەوەی کە گەلەکەمان ساڵانێکی زۆرە لە حکوومەت و شارەوانییەکاندا لە ئاک پارتی بێ ئومێد نەبووە، بوێری نوێبوونەوەمانە لەنێو خۆماندا".
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند: "ئەوانەی کە خۆیان لە سەرووی وڵات و پارتەکەیان دەبینن ئەوا ھەر لە سەرەتاوە دۆڕاندویانە. رێگە نادەین کەسی وەک ئەمانە تورکیا و ئاک پارتی بە دۆڕاندن بدەن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "لە پارتەکەدا یان لە حکوومەتدا، ھەر ھاوڕێیەکمان کە لەگەڵ ئێمەدا رێدەکات، پێویستە بەجۆرێک ھەڵسوکەوت بکات کە تەواو بەرپرسیارە لە گەلەکەمان".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند: "ھیچ بەھایەکی نییە کە کام دامەزراوەی دارایی بیانی چی دەڵێت و کام دەوڵەت چۆن دەڕوانێتە وڵاتەکەمان.. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ئێمە وەک گەل و وڵات چیمان دەوێت، چیمان کردووە و دەمانەوێت بە چی بگەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ھێرشی ئابووری بۆ سەر تورکیا گوتی: "ئەو رۆکێتانەی ماوەیەک ھەڵدەدرایە سنوورەکەمان، بۆمب و فیشەک، لەگەڵ ئەو ھێرشانەی بەم دواییە بۆسەر ئابووریمان ئەنجام دەدرێت بەم مانگانەی دوایی، ھەمان شتە".
لەلایەکی دیکەش سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی جەھەپە گوتی: "ئیدارەی جەھەپە جیایە و ئەو ھاووڵاتییانەی ئێمە کە دەنگ بە جەھەپە دەدەن جیان. پێویستە ئەمە لێک جیا بکەینەوە".
ئەردۆغان لەبارەی ئابووری گوتیشی: "تورکیا وەک ھەموو بوارەکانی دیکە لە ئابوورییشدا، وڵاتێکە وەک شاخی سەھۆڵ ئەو بەشەی نەبیندراوە زۆر لەو بەشەی گەورەترە کە دیارە و لەبەرچاوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئامانجەکانی ٢٠٢٣ی تورکیا گوتی: "ھەندێک کەس دەیانەوێت بەزۆر ئامانجەکانی ٢٠٢٣مان وەک خەیاڵ و سەراب نیشان بدەن، بەڵام بێگومان ئەگەر ئێمە پێکەوە بە باوەڕەوە کاری بۆ بکەین، دەکرێت لە ٢٠٢٣دا مەودایەکی زۆر لەوە زیاتریش ببڕین".
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان لەبارەی پەلاماردانەکەی سەر کڵچدارئۆغڵو گوتی: "ئێمە بە زمانێکی روون ئیدانەی ھێرشەکەمان کرد. ئێمە دژبە دەستدرێژین بۆسەر کەسوکاری شەھیدان و خەڵکی شارۆچکەیەکی گەورە، دژبە تۆمەتی تیرۆر و سووکایەتی پێکردنین".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "ماوەی زیاتر لە چوار ساڵمان لەبەردەمدایە کە گرژیی ھەڵبژاردنی تیادا نابێت. سوورین لەسەر ئەوەی کە یەک بەیەک ئەو وەرچەرخانە بنەڕەتییانە جێبەجێ بکەین کە پێویستمانە".