Mazın Asad
06 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2016
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئیبراھیم کاڵن رایگەیاند دوو ھەزار و ٤٠٠ پێشمەرگە و سێ ھەزار خۆبەخشی مووسڵ لە کەمپەکانی بەعشیقە لە لایەن تورکیاوە مەشق و راھێنانیان پێکراوە.
کاڵن بووە مێوانی بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی ئین تی ڤی و لەبارەی رۆژەڤەوە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئیبراھیم کاڵن لەبارەی رێککەوتنی کۆتایی ھێنان بە شەڕو پێکدادانەکانی حەلەب رایگەیاند: "ئەمڕۆ سبەی کاتێک نووسراوی رێککەوتنی کۆتایی دێتە پێشمان، ئێمە لە پێناو جێبەجێکردنی بەشدار دەبین کە ئێمەش پشتگیری لە زەمینی کۆتایی ھێنان بە شەڕو پێکدادانەکان دەکەین، بەڵام بێگومان چارەنووسی رژێمی ئەسەد تەنھا لە نێوان تورکیا-رووسیا نایەتە ئاراوە، بەڵکو ئەو پرسە بەردەوام دەبێت وەک پرسێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
کاڵن گوتی: "ھێشتا لەگەڵ ئەمریکییەکان بۆچوونی جیاوازمان لەبارەی یەپەگە ھەیە، بەڵام لەبارەی وەستانی شەڕو پێکدادانەکانی و پرسی جەرابلوس کۆکن".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە پشتگیریکردنی یەپەگە، بەرھەمی سیاسەتێکی ھەڵەیە و راشیگەیاند ئەمە دەرفەت بۆ تێکدانی یەکپارچەیی خاکی سووریا و گرژی ئەتنیکی خۆش دەکات.
لەسەر پرسینی "ئایا ئامانجی داھاتووی سوپای سووریای ئازاد ئەلباب دەبێت یاخود نا؟" کاڵن لە وەڵامدا رایگەیاند بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە پێکھێنانی کۆریدۆرێکی تیرۆریستی لە ناوچەیەکی سووریا نادەن.
کاڵن گوتیشی: "ئامانجی تورکیا دەستەبەرکردنی ھەڵومەرجێکە بۆ ئاشتی و تەبایی گەلی سووریا. ئەلباب، رەققە و مووسڵ دوو ساڵ لەوەپێش لە کۆنترۆڵی داعش نەبوو. لەگەڵ بەسەرچوونی ئەم کارە و ھەنگاوی درەنگی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێگە بۆ داعش و رێکخراوە تیرۆریستە ھاوشێوەکانی داعش خۆش دەکرێت".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە درێژەدا جەختی لەوەش کردەوە کە ئامانجی کۆتاییان پاککردنەوەی تەواوی خاکی سووریا لە تیرۆریستانی داعش و بە تایبەتی لە ئەلباب و رەققە و راشیگەیاند ئامادەکاریی حکوومەتی عێراق، ھێزەکانی پێشمەرگە و خۆبەخشەکانی مووسڵ لە ئارادایە بۆ پاککردنەوەی ئەم شارە لەدەست داعش.
کاڵن رایگەیاند دوو ھەزار و ٤٠٠ پێشمەرگە و سێ ھەزار خۆبەخشی مووسڵ لە کەمپەکانی بەعشیقە لە لایەن تورکیاوە مەشق و راھێنانیان پێکراوە.
لە وەڵامی پرسیارێک کە "ئایا ھەمان کاری بەعشیقە لە نێو سووریاشدا ئەنجام دەدرێت؟ کاتێک ئاسایشی ناوچە بەرقەرار بوو، تورکیا چ کاتێک دەڵێت ئێمە لێرە دەکشێینەوە؟" کاڵن لەوبارەیەوە رایگەیاند بەگوێرەی ھەڵومەرجی ناوچەکە بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدەن.
-کۆبوونەوە لەگەڵ پوتین
لەبارەی کۆبوونەوەکانی نێوان رووسیا و تورکیا، کاڵن گوتی: "لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەڕێز پوتین، ئەوانیش پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ئۆپەرسیۆنی قەڵغانی فورات دووپات کردەوە. جاروبار لەسەر وەزارەتی دەرەوەیان رەخنە دەگرن، ئەمە ئاساییە کە ئەویش بە مەبەستی ئەوەیە کە چاودێری پێشھاتەکان دەکەن، بەڵام لە پرەنسیبدا ئەوان ھیچ تانەیەکیان بەرامبەر بە پاککردنەوەی داعش لە سنوورەکانمان نییە. بێگومان لەسەر پرسی حەلەبیش پێکەوە کار دەکەین. ئەمڕۆ سبەی کاتێک نووسراوی رێککەوتنی کۆتایی دێتە پێشمان، ئێمە لە پێناو جێبەجێکردنی بەشدار دەبین کە ئێمەش پشتگیری لە زەمینی کۆتایی ھێنان بە شەڕوپێکدادانەکان دەکەین، بەڵام بێگومان چارەنووسی رژێمی ئەسەد تەنھا لە نێوان تورکیا-رووسیا نایەتە ئاراوە، بەڵکو ئەو پرسە بەردەوام دەبێت وەک پرسێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
لەبارەی لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە وا بڕیارە ھەفتەی داھاتوو لە ئەمریکا بەڕێوە بچێت، کاڵن رایگەیاند یەکێک لە تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی پەنابەران دەبێت.