Sangar Hamad Azeez
09 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2015
یاریدەدەری سەرۆكوەزیران و گوتەبێژی حكوومەتی توركیا نومان كورتوڵموش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە بابەتەكانی هەنووكەیی كرد.
سەبارەت بە بوونی سەربازی تورك لە نزیك شاری مووسڵ نومان كورتوڵموش گوتی : "بوونی ئیمە لەوێ، هەرگیز هەڵوێستێك نییە دژی گەلی عێراق. هەروەها دۆخێك نییە دژی حكوومەتی عێراق گیرابێتەبەر. بەڵكو تەواو بەپێچەوانەوە، بەمەبەستی هاوكاریكردنی حكوومەتی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، هێزەكەی تورك لەوێن بە ئامانجی مەشق و راهێنان، لەوێدا جەنگاوەری شەڕكەرمان بوونیان نییە. ئەو بابەتە گەورە كراوە. ئومێدەوارم لە كورتترین ماوەدا ئەو بارگرژییە نەمێنێت".
گوتەبێژی حكوومەتی توركیا گوتی: "لە سەرەتای ناردنی هێز بۆ عێراق تاكو ئێستا توركیا لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی ئەو وڵاتە لە پەیوەندی دابوو. سەبارەت بە ناردنی سەربازی توركیا بۆ مووسڵ سەرەتا وەزیری بەرگریمان پەیوەندی بە هاوتا عێراقییەكەی كرد و دواتر سەرۆكوەزیرانمان داودئۆغڵو نامەیەكی ئاراستەی حەیدەر عەبادی كرد. بابەتەكە مەشق و راهێنانی سەربازییە، راهێنەرانی سەربازی تورك ماوەیەكی زۆرە لە عێراقن و بەردەوامن لە مەشق دانەوە".
لە بارەی بانگەشەی بازرگانی كردنی توركیا لەگەڵ داعش نومان كورتوڵموش گوتی : "قسەی بێ مانایە. توركیا هەرگیز نەوت لە رێكخراوێكی تیرۆریستی ناكرێت. ئەمە بوختانێكە بە حكوومەتی توركیا دەكرێت. ئاشكرایە كە دەیانەوێت بوختان بە كۆماری توركیا و سەركۆمار بكەن. بوختانی لەم شێوەیەش قابیلی قبووڵكردن نییە".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا باسی لە دامەزراوەی ئەتۆمی ئاكویو كرد و گوتی: "لەو باوەڕەدام كە جارێ زووبێت بۆ باسكردن لەسەر ئەم بابەتە، باوەڕناكەم رووسیا وا بەئاسانی واز لە دامەزراوەی ئەتۆمی ئاكویو بێنێت. چۆن لە بازرگانیدا پێویستیمان بە هیچ كەس نییە، لە بابەتی پێشكەوتنی ئەتۆمیشدا وەك زۆربەی وڵاتان هەوڵدەدەین بنكەی ئەتۆمی تایبەت بەخۆمان هەبێت. بەڵام پێموایە جارێ زووە بۆ باسكردنی ئەو بابەتە".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا نومان كورتوڵموش گوتی: "ئەگەر ناچار بین ناوێك لە حكوومەتی ٦٤مین بنێین ئەوە، ئەو حكوومەتە ناوی 'حكوومەتی ریفۆرمە'. ژمارەیەكی زۆر ریفۆرم هەیە كە ئاك پارتی لە ماوەی ١٣ ساڵدا ئەنجامی داوە بەڵام هەندێكیش هەیە كە نەیتوانیوە ئەنجامی بدات. ئێستا پرۆسەی تەواوكردنی ئەو ریفۆرمانەیە".
گوتەبێژی حكوومەتی توركیا لە بارەی سیستەمی سەرۆكایەتی دواو گوتی: "پێویستە گۆڕانكاری لە ناوەڕۆكی دەستوری توركیا دا بكرێت، هەر بۆیە ئێمە دەڵێن توركیا پێویستی بە جێبەجێكردنێكی كارا هەیە، پێویستی بە میكانیزمێكی كارا هەیە، بۆیەش دەكرێت گفتوگۆ لەسەر پرسی سەرۆكایەتی بكرێت. ئەمە بابەتێك نییە كە بەسترابێتەوە بە كەسێك یاخود حزبێك".
نومان كورتوڵموش گوتی: ''ئێمە پێمان وایە سیستمی سەرۆكایەتی لەم هەلومەرجەدا میكانیزمێكی كاریگەری بەڕێوەبردن دەبێت. بەڵام لەبەر ئەوەی تەنها ٣١٧ پەرلەمانتارمان هەیە، نەك لەبەر ئەوەی ناتوانین رێژەی پێویست كۆبكەینەوە، بەڵكو ئەگەر بهاتایە و ٤٠٠ پەرلەمانتاریشمان هەبوایە، دیسان ئەم بابەتەمان دەهێنا، قسەمان لەسەر دەكرد و مشتومڕمان لەبارەوە دەكرد''.
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا نومان كورتوڵموش تیشكی خستە سەر بابەتی قۆناغی تەبایی و برایەتی گوتی: "ئنشائەڵڵا بە دڵ یان بە ئیرادەی حكوومەت كۆتایی بە قۆناغی راماڵینی چەكی رێكخراوەكانی تیرۆریستی دەهێنین، بەهیچ شێوەیەك پاشكشە نییە لەم بابەتە، ئەوان دەڵێن كە توركیا بەرەو ساڵانی ٩٠ەكانی سەدەی رابردوو دەگێرینەوە. ئەوە حكوومەت نییە كە بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە بەڵكو سەركردەكانی رێكخراوەكانی تیرۆریستی كە دەیانەوێت بەرەوە دواوەمان ببەن".