Mazin Majeed Asaad Baqal,Abdullah Shukur
18 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2019
ھەولێر - AA
تیمێکی مەولەوانی سەر بە فەرماندەیی ھێزەکانی دەریایی تورکیا ئەمڕۆ کارەکانی خۆیان لە شاری مووسڵ کۆتایی پێھێنا و بەرەو تورکیا گەڕانەوە.
ئەو تیمە مانگی رابردوو بەمەبەستی ھاوکاریکردن بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووانی رووداوی نقومبوونی بەلەمێک لەسەر رووباری دیجلە گەیشتبوونە شاری مووسڵ.
ئەو تیمە ٢٠ کەسییەی تورکیا، چالاکییەکانی رزگارکردن و بەدواداگەڕانی لە شاری مووسڵ کۆتایی پێھێنا و ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی سەر بە فەرماندەیی ھێزەکانی ئاسمانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە بەرەو شاری ئیستانبوڵ بەڕێکەوتنەوە.
لە پاڵ مەرجە سەختەکانی نێو رووباری دیجلە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە، تیمەکەی تورکیا لە ماوەی ئەو٢٠ رۆژەدا توانی تەرمی سێ کەس لە رووبارەکە دەربهێنێ.
هاوکات سەرکونسوڵی تورکیا لە شاری ھەولێر، ھاکان کاراچای لەکاتی ماڵئاوایکردن لە تیمەکە، لە لێدوانێکیدا رایگەیاند کە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە رووداوی نقومبوونی بەلەمێک لەسەر رووباری دیجلە گیانیان لەدەستداوە و دواتریش تورکیا راستەوخۆ دەستی ھاوکاری بۆ گەلی عێراق درێژکردووە.
کاراچای ئاماژەی بە کارەکانی رزگارکردن و بەدواگەڕان کرد و گوتی: "لەم چوارچێوەیەدا تیمەکانی مەلەوانی سەر بە فەرماندەیی ھێزەکانی دەریایی تورکیا، بەمەبەستی ھاوکاریکردن و دۆزینەوەی تەرمەکان ھاتوونەتە تورکیا و چالاکییەکانی خۆیان لە رووباری دیجلەی شاری مووسڵ ئەنجامداوە".
کاراچای ئاشکراشی کرد کە تیمەکە تەرمی سێ کەسیان دۆزیوەتەوە و ئەرکی ئەو تیمە ئەمڕۆ کۆتاییھاتووە و بەرەو شاری تورکیا بەڕێکەوتوونەتەوە.
لە ٢١ی ئاداری رابردوو، زیاتر لە ١٠٠ کەس بەھۆی نقوومبوونی بەلەمێک لەسەر رووباری دیجلە گیانیان لەدەستدا و ٦٠ کەسیش بەھەوڵی خۆیان رزگارببوون.
