Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
16 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2017
ئەنقەرە- AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرایکرد دوای ئەوەی هەواڵی دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە پاسەوانانی سەرکۆماری ئەو وڵاتە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەلایەن ئەمریکاوە، پێگەیشتووە، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە ئەنقەرە، جۆن باسیان بانگهێشتی وەزارەتەکە کردووە و ئەوەیان پێڕاگەیاندووە کە بڕیارەکە مایەی قبووڵکردن نییە.
لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە "دوای رووداوەکانی رۆژی ١٦ی ئایار لەبەردەم باڵێۆزخانەی تورکیا لە واشنتۆن، کاربەدەستانی ئەمریکا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە هاووڵاتییانمان و ژمارەیەک لە پاسەوانانی بەڕێز سەرکۆمارمان دەرکردووە. دوای ئەوەش ئێمە هەواڵەکەمان پێگەیشت، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە لەلایەن راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەوە بانگهێشتی وەزارەت کراوە''.
هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئەو بڕیارەی بەرپرسانی ئەمریکا داویانە هەڵەیە و لایەنگیرییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، رووداوەکەش بۆیە رویداوە کە بەرپرسانی ئەمنی ناوچەکە نزیک لە باڵیۆزخانەکەمان لە واشنتۆن هیچ رێوشوێنێکیان نەگرتووە بەر بەرامبەر ئەو دۆخەی روویدا، ئەگەرلە سەردانێکی هاوشێوەی باڵای ئەمریکا رێوشوێن بگیرایەتە بەر ئەو کێشەیە رووی نەدەدا، هەر بۆیە هاووڵاتیيانمان نەدەکرابە بەرپرس دابنرێن و هەموو ئەمانەش گەیەندراونەتە باڵیۆزی ئەمریکا".
هاوکات ئەوەش گەیەندراوەتە باڵیۆزی ئەمریکا "ئەو بەناو بەرپرسانی ئەمریکی خۆیان بێ دەنگ کردووە لە بەرامبەر ئەو خۆپێشاندەرانەی کە ئاڵای رێکخراوی تیرۆریستیان هەڵگرتبوو، هەروەها رێگەیان پێدراوە کە چەند مەترێک لە بینای باڵیۆزخانەی وڵاتمان لە واشنتۆن نزیک ببنەوە و هاوکات هێرش بکەنە سەر هاووڵاتيیانی بێ تاوان".
هەر لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە ئەو بڕیارە بەڕوونی دیارە کە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ نەبووە، بڕیارەکە مایەی قبووڵکردن نییە و ئەوەش بە باڵیۆزی ئەمریکا راگەیەنراوە.