Zuhal Demirci,Rewa Mahmood Hasan
30 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2019
ئەنقەرە-AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو دەربارەی ئەو کەشتیە نەوتهەڵگرەی ئێران کە نەوتی بۆ سووریا دەگواستەوەو دوای دەستبەسەردا گرتنی ئازاد کرا، رایگەیاند: "من بەمەبەستم لەوەنەبووە کە کەشتیە نەوتهەڵگرەکە بەرەو کەنار دەریای لوبنان بچێت. بەپێی زانیاری و هەماهەنگیەکان، کەشتیە نەوتهەڵگرەکە بەرەو کەناراوەکانی لوبنان ئاراستە دەکرێت. ئەمە بەو مانایە نایەت کە دەگاتە کەناری دەریای لوبنان".
چاوشئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەرویژ، ئینیە ئەریکسۆن سۆریدی لە ئۆسلۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان رێکخست.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەیدا لەگەڵ سۆریدی پرسی سووریایان بەهەموو رەهەندەکانییەوە تاوتوێ کردووە و هاوکات دووپاتی کردەوە کە لەئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکانی رژێمی ئەسەد بۆسەر ئیدلب، کارەساتێکی مرۆیی روو دەدات.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئێران و گەرووی هورمز و پێشهاتەکانیان تاوتوێ کردووە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە کەمبوونەوەی گرژییەکان لە گەرووەکە.
چاوشئۆغڵو گوتی: "ئێمە دژی سزاکان و گرژییەکانین. تورکیا و نەرویژ ئەوەی لەتوانایدا بێت ئەنجامی دەدات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا".
لەبارەی هۆکاری کڕینی S-400 لە رووسیا لە لایەن تورکیاوە چاوشئۆغڵو گوتی: "ئێمە پێویستمان پێبوو. پرسی سیستەمی بەرگریی پێویستییەکی گرنگ و بەپەلەی ئێمەیە. بەهۆی خۆشەویستی ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوە نییە، ئێمە ویستمان ئەوە لە ئەمریکا و هاوپایمانانی دیکەی ناتۆ بکڕین بەڵام نەمان توانی بیکڕین".
لەبارەی پرسی فڕۆکەی F-35 یشەوە چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە ئەوان بڕی ١.٤ ملیار دۆلاریان داوە کە یەکێکە لە پرۆگرامە هاوبەشەکان و گوتی: " ئەگەر نەتوانین F-35ەکان بکڕین، ئەوا بژاردەی دیکە تاوتوێ دەکەین بۆ ئەو فڕۆکە جەنگیانەی پێویستمان پێیەتی. تورکیا وڵاتێکی سەربەخۆیە. ئەمە پەیوەندی بە هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەمریکا یان وڵاتێکی دیکە نییە. ئەمە پێویستی ئێمەیە وەک وڵات. ئێمە خوازیارین لە هاوپەیمانەکانمان وەربگرین، بەپێچەوانەوە بەدوای بژاردەی دیکەدا دەگەڕێین".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەو دوو هاووڵاتییە نەرویژییە دا کە بەپاساوی پشتگیرییکردن لە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە تورکیا رەوانەی دادگا کراون و رایگەیاند چالاکی ئەم کەسانە نەک تەنیا لە تورکیا بەڵکو لە تەواوی وڵاتانی ئەورووپادا ناياساییە و گوتی: "رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە زیاتر لە ٤٠ هەزار کەسی کوشتووە لە تورکیا، ئەم رێکخراوە لە تورکیا لەنێو لیستی تیرۆردایە".
چاوشئۆغڵو راشیگەیاند،"ئازادی رادەربڕین و پشتگیرییکردن لە تیرۆر دوو شتی زۆر جیاوازن".
- مەبەستم ئەوە نەبووە کە کەشتیە نەوتهەڵگرەکە بەرەو کەناری دەریای لوبنان دەچێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو دەربارەی ئەو کەشتیە نەوتهەڵگرەی ئێران کە نەوتی بۆ سووریا دەگواستەوەو دوای دەستبەسەردا گرتنی ئازاد کرا، رایگەیاند: "من بەمەبەستم لەوەنەبووە کە کەشتیە نەوتهەڵگرەکە بەرەو کەنار دەریای لوبنان بچێت. بەپێی زانیاری و هەماهەنگیەکان، کەشتیە نەوتهەڵگرەکە بەرەو کەناراوەکانی لوبنان ئاراستە دەکرێت. ئەمە بەو مانایە نایەت کە دەگاتە کەناری دەریای لوبنان. دەمەوێت بڵێم کە کەشتیە نەوتهەڵگرەکان نایەنە کەنار دەریای تورکیاوە".