Ahmet Karaahmet
17 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2021
ئیدلب - AA
هێزەکانی رژێمی ئەسەد و میلیشیا ئێرانییەکان، هێرشیان کردە سەر گوندی سەرجا-ی شارۆچکەی مەعارەتولنوعمان-ی سەر بە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی پارێزگای ئیدلب.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی وەرگیراون، لە پەلامارەکەدا لایەنی کەم شەش هاووڵاتی مەدەنی کە دووانیان منداڵ بوو، کوژراون.
هەروەها شەش هاووڵاتی دیکەش برینداربوون کە سێیان کارمەندی تیمەکانی بەرگری شارستانی بوون.
- رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە چوار و پێنجی ئایاری ٢٠١٧ بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن لە ئیدلب و ژمارەیەک ناوچەی دەورووبەری پارێزگاکانی (لازقییە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژھەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترا).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانییکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی رووسیا سێ دانهیان لەو چوار ناوچەیە کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژوو کرد.
رووسیا و ھێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەست پێ کرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژییەکانی ئیدلب.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئاداری ٢٠١٩دا لە مۆسکۆ، رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد.
ئاگربەستەکە کە لەلایەن هێزەکانی ئەسەدەوە ناو بە ناو پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزراوە.
لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧-٢٠٢٠دا، نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە ناچار بوون بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری سووریا لەگەڵ تورکیا کۆچ بکەن.