Ahmet Karaahmet, Mehmet Burak Karacaoğlu
20 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2021
ئیدلب- AA
بەهۆی پەلامارێکی رێژێمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆرستییەکانی سەر بە ئێران لە گوندی کەنسافرا کە دەکەوێتە ناوچەی کەم کردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب، چوار منداڵ کوژران.
سوپای ئەسەد کە لە گوندی بیسکەلە-ی باشووری ئیدلب نیشتەجێ بووە لەگەڵ میلیشیا ئێرانییەکان تۆپبارانی گوندی کەنسافرا-یان کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە تیمەکانی بەرگری شارستانی وەرگیراون، لە ئەنجامی پەلامارەکەدا چوار منداڵ کوژراون و دوو هاووڵاتی مەدەنی دیکەش بریندار بوون.
- رەوشی ئیدلب
لە دانوستانەکانی ئاستانادا کە لە چوار و پێنجی ئایاری ٢٠١٧ بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران بەڕێوەچوو، بڕیاردرا چوار "ناوچەی کەمکردنەی گرژیی" دروست بکرێن لە ئیدلب و ژمارەیەک ناوچەی دەورووبەری پارێزگاکانی (لازقییە، حەمما و حەلەب)، لەگەڵ باکووری پارێزگای حومس، غوتەی رۆژھەڵات و ناوچەکانی باشووری سووریا (پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترا).
بەڵام رژێمی بەشار ئەسەد و تیرۆریستانی پشتیوانیکراو لەلایەن ئێران بە پشتیوانی هێزی ئاسمانیی رووسیا لەو چوار ناوچەیە سێیانیانی کۆنترۆڵ کرد و روویان کردە ئیدلب، دواتر لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا تورکیا و رووسیا بۆ بەھێزکردنی ئاگربەستی سووریا رێککەوتنی سۆچی-یان واژوو کرد.
رووسیا و ھێزەکانی رژێم لە ئایاری ٢٠١٩دا، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە ئۆپەراسیۆنیان دەستپێکرد و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی ناو ناوچەی کەمکردنەی گرژییەکانی ئیدلب.
دوایین جاریش تورکیا و رووسیا لە پێنجی ئاداری ٢٠١٩دا لە مۆسکۆ رێککەوتنێکی نوێیان واژوو کرد.
ئاگربەستەکە کە لەلایەن هێزەکانی ئەسەدەوە ناو بە ناو پێشێل دەکرێت، بەشێوەیەکی بەرچاو پارێزراوە.
لە ٢٠١٧-٢٠٢٠دا نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی رووسیا و رژێمی ئەسەدەوە ناچار بوون بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا کۆچ بکەن.