Muhammet Ali Kemal
17 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2016
لە پانێڵێکدا کە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا لە ژێر ناوی ''لە یادی ١٠٠هەمین ساڵەی رێککەوتنی سایکس-پیکۆدا؛ دووبارە بیرکردنەوەی لە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرن'' ساز کرا، ژمارەیەک لە شارەزایان قسەیان کرد و ئاماژەیان بەوە کرد ئەم رێککەوتنە بووەتە مایەی ''هێنانە ئارای سنووری دەستکرد و کێشەگەلێک کە تەنانەت تا ئەمڕۆش نەتوانراوە چارەسەری ریشەییان بۆ بدۆزرێتەوە''.
لەو پانێڵەدا کە لە پەیمانگەی ئەمریکی بۆ سەرکردایەتیکردن بەڕێوە چوو، کە یەکێکە لە دامەزراوە فیکرییە گرنگەکان لەو وڵاتە، هەریەک لە ئیلیۆت ئابرامس لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس، رایان کرۆکەر کە باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە هەریەک لە عێراق و سووریا بووە، ئادید داویشا لە زانکۆی مەیامییەوە، ئۆلیڤەر دێکۆتیگنیس لە پەیمانگەی واشنتۆن و لێکۆڵینەوە لە خۆرهەڵاتی نزیک بەشدارییان کرد.
ئابرامس ئاماژەی بەوە کرد رێککەوتنی سایکس پیکۆ ناسنامە رەسەنەکانی ناوچەکەی لەناو نەبردووە بەڵام سنووری ''دەستکرد''ی لەنێوانیاندا دروست کردووە و بەتایبەت گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان سوننە و شیعە ساڵانێکی دوور و درێژی دیکە دەبێتە بابەتی سەرەکی مشتومڕ و گفتوگۆکان.
ئیلیۆت ئابرامس جەختی لەوە کردەوە لە یادی ١٠٠ ساڵەی رێککەوتنەکەدا هەڵوێستی ئیدارەی ئۆباما سەبارەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ''پڕ کێشە''یە و رایگەیاند: ''ئەوەی کە لە سووریا رووی دا، لە ماوەی شەو و رۆژێکدا نەبوو، روون و ئاشكرا بوو کە ئەم رووداوانە دێنە ئاراوە، بەڵام واشنتۆن پێی باش بوو تەنها تەماشاچی بێت''.
داویشا ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر بێت و ئێمە تەماشای ١٠٠ ساڵی رابردوو بکەین، ئەوە هەمیشە ئەوە دەبینین کە پێکهاتەکان خۆیان لە یەکتری جودا کردووەتەوە و بۆ ئەمەش نموونەی جەنگی نێوان ئێران و عێراقی هێنایەوە کە بە سەربازانی شیعەی عێراق و سوپای شیعەی ئێران کراوە.
داویشا ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمڕۆ دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ تەنھا لە رێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت، کە پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ تورکیا ھەیە. گوتیشی: "سەرەڕای تورکیا دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ دانامەزرێت".
"رێککەوتنامەی سایکس-پیکۆ بەدەر لە گۆڕینی ھاوسەنگی ناوچەکەی ھیچ سوودیکی نەبوو"
دیپلۆماتێکی پێشوو بەناوی کرۆکەر رایگەیاند کە لە ١٠٠مین ساڵی رێککەوتنامەی سایکس پیکۆ لەوەتەی جەنگی جیھانی دووەمەوە گەورەترین کۆچی مرۆیی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا ھاتووەتە ئاراوە. ئەو گوتیشی: "ئەمریکا ئەمە بە کێشەی خۆی نازانێت".
"تورکیا، ئێران و سعوودیە ھێزی ناوچەکەن"
ئەندامی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی رۆژھەڵاتی نزیک لە واشنتۆن ئۆلیڤیر دێکۆتینگیس رایگەیاند کە ئەگەر لە دوای رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ سەیری ناوچەکە بکرێت، ئەوە دەبینرێت کە تورکیا، ئێران و سعوودیە بوونەتە ھێزی سەرەکی ناوچەکە. راشیگەیاند کە سەقامگیری فاکتەرێکی گرنگە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە لە دوای ١٠٠ ساڵی رێککەوتنامەکە کوردەکان خاوەنی دەوڵەتێکن کە لە رووی ئابوورییەوە پەیوەستە بە تورکیاوە. گوتیشی: "لە ھاوسەنگی ھێزی ناوچەکە تورکیا ئاکتەرێکی گرنگە".
رێککەوتننامەی نھێنی سایکس پیکۆ لە رێککەوتی ١٦ی ئایاری ١٩١٦ لەلایەن بریتانیا و فەڕەنسا بۆ دابەشکردنی خاکی دەوڵەتی عوسمانی و هەروەها دابەشکردنی ناوچەکە بەسترابوو.